"لە بەرامبەر سیاسەتی پارتی بانگەوازی هۆشیار بوون لە ژنان دەکەین"

14:59

ژنها

شەنگال- ئەنجومەنی ژنانی شەنگال بەلێدوانێک هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر قسەکانی چنار سەعد ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان نیشان دەدەن و داوای لێدەکەن، داوای لێبووردن لە هەموو ژنانی شەنگال و بەتایبەتی نادیە موراد بکات.

لەلێدوانەکەدا داوا لەهەموو ژنانی باشووری کوردستانیش کراوە کە بێدەنگ نەبن بەرامبەر سیاسەتەکانی پارتی دیموکرات کە ژنان وەک ئامێرێک بەکاردەهێنێت.

دەقی لێدوانەکەی ئەنجومەنی ژنانی شەنگال بەم شێویەیە:

ئێستا نزیک دەبینەوە لە ٧٤ هەمین ساڵڕۆژی ئەو کۆمەڵکوژیەی بەسەر ئاین، مێژوو، کلتوور، ژن و منداڵانی ئێزدیخان دا هات، جارێکی دیکە برینەکانی ئێمەی ژن لەو ڕۆژەدا دەکولێتەوە، لەبەر ئەوەی تا ئێستاش هەزاران ژن و منداڵی ئێزدی لەژێر دەست و وەحشەتی داعش دا ژیان بەسەر دەبەن، بەتایبەتی لە سەرەتای مانگی ڕەمەزاندا کە ١٩ ژن و منداڵی ئێزدی شەنگال بەئاگری دڕندەیی داعش سوتێندران، ئێمە ئەو بێدەنگیەی ئێستا هەیە وەک ئەرێکردنی کردەوەکانی داعش لەبەرامبەر ژن و کچانی ئێزدی دەبینین، ئێمەی ژنان پێویستە لەم کاتەدا لەهەموو کاتێک زیاتر یەکگرتووبین، لەدژی فاشیزمی داعش کە بەزهنیەتی زۆرداری پیاوانە کۆمەڵکوژیان بەسەر ژن و کچانی ئێمەدا هێنا، دەبێت بەیەکەوە ئێش و ئازارەکانمان ساڕێژ بکەین و کاری بۆ بکەین، نەک ئەو کۆمەڵکوژیەی ئەنجامدرا بە ئەرێنی بۆ ژنان و کچانی شەنگال هەڵسەنگێنین.

یەک لە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەناوی چنار سەعد ئەو کۆمەڵکوژیەی بەسەر ئێزدیەکان دا هاتووە وەک هەلێک نرخاندوە و واینشانداوە کە ڕێگەی لەبەر ژنانی ئێزدی کردوەتەوە دەنگیان بگاتە هەموو جیهان، نادیە مورادی وەک نمونە نیشانداوە و وتویەتی:" ئەگەر داعش نەبوایە کەسێکی وەک نادیە موراد لە ئاستی نێونەتەوەییدا نەدەناسرا ".

" پارتی شەنگال بەجێهێشت و بووە هۆکاری ئەوەی ژن و منداڵی ئێزدی بکەونە دەست داعش "

ئێمە وەک ژنانی شەنگال و ئێزدیخان ئەو قسە و شرۆڤانەی چنار سەعد بەڕاست نازانین کە ژنێکی کورد دەبێتە وتەبێژی ئەو سیاسەتە چەپەڵەی پارتی لەسەر ژنان بەڕێوەی دەبات، هاوکاری پارتی بۆ داعش و ئەو کۆمەڵکوژیەی بەسەر شەنگالیاندا هێنا بۆ هەموولایەن ڕوون و ئاشکرایە، پارتی شەنگالی بەجێهێشت و بووە هۆکاری ئەوەی ئەوەندە ژن و منداڵ بکەونە دەست داعش، ئەو بووە هۆکاری سەرەکی ئەوەی لە سەدەی ٢١دا داعش گەورەترین هۆڤیەت لەسەر ژنان بەڕێوەبەرێت.

ئێمە دەڵێین لەشوێنی ئەوەی ئێمە وەک ژنان یەکتر ڕەش بکەین، با یەکبگرین و پێشبکەوین، نابێت هیچ ژنێک پشت بە داعش و هاوکارەکانی قایم بکات.

" دەبێت داوای لێبوردن بکات "

ئێمە وەک ئەنجومەنی ژنانی شەنگال نوێنەرایەتی ئیرادە و ڕێکخستنی ژنان دەکەین، داوا دەکەین چنار سەعد داوای لیبوردن لەسەر ئەو قسانەی بکات کە بەئەقڵیەتی پیاو کردویەتی، بەتایبەتی داوای لێبوردن لە نادیە موراد و هەموو ژنانی شەنگال بکات.

ئێمە بانگ لە هەموو ژنانی باشووری کوردستان دەکەین، بەرامبەر ئەو سیاسەتی پارتی هۆشیار بن کە دەیەوێت ژنان وەک ئامێرێک بەکاربهێنێت.

" بیروباوەڕی فاشیزمی پیاوانە ڕەوا ناکەین "

ژنان سەربەچی حزب، ئاین و هەر دامودەزگایەک دەبن باببن، کاتێک قسەهاتە سەر ژن و هێرش کرایە سەر ژن و منداڵان، دەبێت بەپێی هەست و بۆچوونی ژنان هەڵسوکەوت بکەن و نرخەکانی ژنان بپارێزن، لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت ئێمە وەک ژنان یەکبگرین و یەکدەستی خۆمان بکەینە بنەما، نەک بیر و باوەڕی فاشیزمی پیاوانە ڕەوا بکەین.

(ش ب)