شێروان، ئەو گوندەی ٢٠ ساڵە بێ ئاوە

14:25


ئاگری - ژنانی گوندی شیروان سەر بە شاری ئاگری لە دۆخێکی ناهەمواری ژیاندا دەژین و ماوەی ٢٠ ساڵە بەشان ئاو بۆ ماڵی خۆیان دەکێشن.

لە گوندی شیروانی سەر بە ئاگری باکوری کوردستان ماوەی ٢٠ ساڵە ئاو بە هاوڵاتیان نادرێت، ژنان چەن ساڵە بە دەبە ئاو لە کانییەوە دەبەن بۆ ماڵ و بەم شێوەیەش جل و بەرگ دەشۆن و پێویستیەکانی ماڵ دەستەبەر دەکەن، ژنان لەو باریەوە هەڵوێستیان نیشاندا و وتیان؛ پێویستە ئەم کێشانە بە زووترین کات چارەسەر بکرێن.

ژنێک بەناوی سۆنگول ئادحیامان لەو بارەیەوە وتی:" ئاو لە کانیاوە پیسەکانەوە دێنینە ماڵەوە، کانییەک هەیە بەڵام زۆر لە ئێمەوە دوورە، ئاو هەیە و دەپۆش هەیە بەڵام هێزی ئابوریمان نییە بۆ ئەوەی ئاو بکێشین.''

سۆنگوڵ دەست نیشانی کرد کاتێ کە بەفر دەبارێت دۆخی ژیانیان خراپ تر دەبێت بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا:"لەسەر کانی جل دەشۆین، دەست و قاچمان ڕەق هەڵدێت، پێشتر دوو مانگام هەبوو بەڵام لەبەر ئەوەی ئاومان نەبوو هەردووکیمان فرۆشت."

مونەتیا ئایدەمیر ژنێکی تری تەمەن ٥٠ ساڵەی ئەو گوندەیە، بەمشێوەیە دوا:"ئاومان لێ بڕاوە، دەزگاکانی دەوڵەت لەو بارەیەوە هیچ خزمەتگوزاریەکیان بۆ دابین نەکردووین، ئاومان پێ نادات و ئەم کارانەش ئەکەن بۆ ئەوەی گوندەکەمان چۆڵ بکەین، ٨ منداڵم هەیە و ئەوانیش پێویستیان بە ئاو هەیە.''

تەکگول چیمەنی ٣٥ ساڵانە ژنێکیتیری ئەو گوندەیە و ئەویش وتی:" زۆر زەحمەتی دەبینین، شۆفڵمان هێنا و بەردەم ماڵەکەی ئێمەی کۆڵی سەرەی بیرەکەی کردەوە لەناو بیرەکەدا مار و حەشەرات هەیە، ئێمە نازانین ئەم ئاوە چۆن بخۆیەوە."

هەروەها عومەری ١٠ ساڵان، منداڵێکی ئەو گوندەیە باسی لەو زەحمەتیانەی کە دایکی دەی کێشێ کرد و وتی:"دەمانەوێت ئاوێکی باش بخۆینەوە''