لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژنێک دەبێتە قوربانی هەڵەی پزیشکی

14:38

ناوەندی هەواڵ – ژنێکی دووگیانی لە نەخۆشخانەی شاری پاوە، ڕۆژێک دوای نەشتەرگەری منداڵ بوون، گیانی لەدەستدا.


مەرزییە شوکری، خەڵکی شاری نەوسوود و نیشتەجێی دووریسان بوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی هەینی رابردوو بە هۆی هەڵەیەکی پزیشکی گیانی لە دەستدا.


بەپێچەوانەی وتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانە کە گوایە پزیشکەکان هەوڵی گەڕاندنەوەی ژیانی مەرزییەیان داوە، بەڵام سەرچاوەکانی هەواڵ لەزاری نزیکەکانی ئەو ژنە بڵاویان کردەوە کە: "لە نیوەڕۆی پێنجشەممەوە دۆخی مەرزییە زۆر خراپ بووە و چووەتە کۆما، بەڵام پزیشکەکان لە گواستنەوەی ناوبراو بۆ کرماشان کەمتەرخەمیان نواندوە".


هەروەها منداڵی تازە لەدایکبووی ئەو ژنەش بە هۆکاری نادیار گوازراوەتەوە بۆ کرماشان.

بە گوێڕەی ئامارە راگەیاندراوەکانی ئێران، ڕێژەی هەڵە پزیشکیەکان لەم ساڵەدا بۆ ٪٧ زیادی کردوە.