داگایی کردنی کەیسی کەمال پێنجوێنی و وەستا سەدیق دواخرا

12:29


سلێمانی – دادگایی کردنی کەیسی کەمال پێنجوێنی و وەستا سەدیق دواخرا بۆ ڕۆژی ١٢ی شوبات و چنور غەریبی هاوژینی کەمال پێنجوێنیش ڕادەگەیەنێت دادگا دەیەوێت کەیسەکە بەلاڕێدا ببات.

بڕیار بوو ئەمرۆ یەکشەمە(٤-١٢-٢٠١٦) دادگایی کەیسی کەمال پێنجوێنی وەستا سەدیق بەڕێوەبچێت بەڵام لە سەر داوای کەسوکاری کەمال پێنجوێنی دادگایی کردنەکە دوخرا.

چنور غەریب هاوژینی کەمال پێنجوێنی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری (ڕەژاک) لەو بارەیەوە وتی: "ئەمرۆ یەکەم دانیشتنی دادگایی کەیسی هەڤاڵ کەمال و کاک سەدیق بوو، وتەی کەسوکاری کاک سەدیق وەرگیرا، لەسەر داواکاری ئێمە دادگایی کردن دواخرا بۆ ١٢ی مانگی شوبات، چونکە وەک پێویست پەڕاو و دانپێدادانی ئەو دوو کەسەی دەستگیرکراون هێشتا ڕوون نیە بۆ ئێمە و باش ئامادە نەکراوە."

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوان و کەسوکاری وەستا سەدیق خاوەن یەک هەڵوێستن لە سوربوون لە سەر ئاشکرا کردنی ئەو کەیسە هاوکات جەختیشی کردەوە: "گومانمان هەیە چونکە ماوەیەکی زۆری بەسەر تێدەپەڕێت بەڵام دەزگا ئەمنیەکان لە سەری رانەوەستاون، هەرچەند وەک خۆشیان دەلێن زۆر چاوکراوەن، بەڵام لەسەر ئەم کەیسە بێدەنگن، لە کاتێکدا پێنجوێن ڕووبەڕێکی کەمی هەیە و گەر بیانویستایە دەیانتوانی لەماوەیەکی کورتدا بکوژان بدۆزنەوە و دادگاییان بکەن."

لە کۆتایشدا چنور غەریب وتی: "ئێستاش گومانمان لەسەریان هەیە، چونکە کەیسەکە کراوە بە کەیسێکی قەتل و لە خەریکن بەلاڕێیدا دەبەن، لە کاتێکدا ئەو کەیسە کەیسێکی تیرۆرە و سیاسیە، ئەو کەیسە خراوەتە ناو ماددەی ٤٠٦ بەڵام ئێمە وەک بنەماڵەی شەهید سورین لە سەر ئاشکراکردنی تاوانباران."