سلێمانی، کچە خوێندکارێک دەبێتە قوربانی

10:17

ژنها

سلێمانی - به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ٢٣ى حوزه‌یران، كچه‌ خوێندكارێك له‌ماڵى خۆیان بە دوو گولـلە دەکوژرێت وته‌بێژى پۆلیسى سلێمانیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، قوربانییه‌كه‌ خوێندكارى په‌یمانگاى كۆمپیوته‌ره‌ و ڕووداوەکە خۆکوژی بووە.

سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، وته‌بێژى پۆلیسى سلێمانى ڕایگه‌یاندوە "دوای ئاگاداركردنه‌وه‌مان له‌ رووداوه‌كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌مان ده‌ستپێكردوه و بۆمان ده‌ركه‌وت قوربانیه‌كه‌ ناوى "ه.ع.ع"ه‌و خوێندكارى په‌یمانگاى كۆمپیوته‌ره‌ و له‌دایكبووى ١٩٩٠ه‌".

سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تى ڕووداوه‌كه‌ وته‌بێژى پۆلیسى سلێمانى دەڵێت: "قوربانیه‌كه‌ چووه‌ته‌ ژوره‌كه‌ى خۆى و دوو فیشه‌كه‌ى ناوه‌ به‌ خۆیه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ كرده‌كه‌ خۆكوژییه‌".

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد "خێزانى ئه‌و كچه‌ش تائێستا نازانن هۆكارى خۆكوشتنى كچه‌كه‌یان چیه‌ و، له‌ وته‌كانیشیاندا له‌لاى پۆلیس جه‌ختیانه‌ له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌".

(ش ب)