دایکانی ئاشتی: دەبێت گەلی کورد لە دژی گۆشەگیری بڕژێتە مەیدانەکان

10:05

ژنها

ئامەد – دایکانی ئاشتی بانگەوازی لە سەرجەم گەلی کورد دەکەن بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری (پەکەکە) بڕژێنە مەیدانەکان.

ئەندامانی رێکخراوی دایکانی ئاشتی لە باکوری کوردستان سەبارەت بە دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری "پەکەکە" لە گرتوخانەی تاکەکەسی ئیمڕاڵی نیگەرانی خۆیان دەربڕی و ڕایانگەیاند کە ئەگەر شتێک لە ئیمڕاڵی ڕووبدات ئەوا هیچ هێزێک ناتوانێت لەبەردەم گەلی کورد بوەستێت، دایکان بانگەوازیان لە گەلی کورد کرد بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری بڕژێنە مەیدانەکان.

"هیچ هێزێک ناتوانێت لە بەردەم گەلی کورد بوەستێتەوە"

خالیسە ئەڵبای، ئەندامی ڕێکخراوی دایکانی ئاشتی لە شاری ئامەد لەو بارەیەوە وتی: "بۆچی دەوڵەت ڕێگە بە کەسوکار و پارێزەرانی نادات چاویان بە ڕێبەر ئاپۆ بکەوێت؟ دەبێت هۆکاری ئەوەمان پێ ڕابگەیەندرێت. ئەوانیش باش دەزانن گەر شتێک بەسەری رێبەر ئاپۆ بێت ئەوا هیچ هێزێک ناتوانێت لە بەرامبەر گەلی کورد بوەستێتەوە، ئێمە ناتوانین لەناو ئەو گومانانە بێ دەنگی بنوێنین."

"هێڵی سورمانە"

لای خۆشیەوە سوعادەت گۆرەنچ ئەندامی دایکانی ئاشتی ڕایگەیاند: "ساڵێکە گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆ بەردەوامە، بە هۆی ئەو گۆشەگیریەوە پەیوەندی ڕێبەرەکەمان لە گەڵ جیهان نەماوە، پلانێکی چەپەڵ لەسەر گەلی کورد بەڕێوەدەچێت، دەیانەوێت لەبەرامبەر گۆشەگیری بێدەنگ بین، بەڵام ئێمە بێدەنگ نابین." سوعادەت بانگەوازی لە گەلی کورد کرد و وتی: "دەبێت گەلی کورد لە دژی ئەو گۆشەگیریە ڕاپەڕێت، دەبێت بڕژێنە مەیدانەکان، ئێمە وەک دایکان هەمیشە وتومانە ئاشتی و باکەس نەمرێت، بەڵام رێبەر ئاپۆ هێڵی سورمانە."

"ئەو ڕێبەری گەلێکە"

هەروەها هەر لەسەر ئەو بابەتە پەریخان کارایەڵ، لە دایکانی ئاشتی وتی: "لە کام وڵات ڕێبەری گەل خراوەتە ژێر گۆشەگیری؟ عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردە، چەندین ساڵە دەوڵەتی تورک لەسەر ڕێبەر ئاپۆ گۆشەگیری بەڕێوە دەبات، ئێمە ئەو گۆشەگیریە قبوڵ ناکەین. دەبێت هەرچی زووە ڕێگە بە پارێزەر و خانەوادەکەی بدرێت لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ چاوپێکەوتن ساز بکەن."

"دەیانەوێت گەلی کورد سزابدەن"

هاوکات ڕەحیمە ئینجە، دایکێکیتری ئاشتیە ئەویش ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان گومانیان هەیە و وتیشی: "ڕۆژ بە ڕۆژ دەوڵەت گۆشەگیری زیاتر دەکات، ئێستاش بە بەهانەی باری نائاسایی دیدارەکان ئاستەنگ دەکرێن. ئێمە گومانمان هەیە لەسەر ڕەوشی رێبەرەکەمان، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ بەزووترین کات ئازاد بکرێت. دەوڵەتی تورک دەیەوێت بە گۆشەگیرکردنی ڕێبەرەکەمان گەلی کورد سزا بدات. ئێمەش لە بەرامبەر ئەو گۆشەگیریە بێ دەنگ نابین."

جێگەی ئاماژەیە ماوەی زیاتر لەساڵێکە هیچ کەس لە پارێزەر و خانەوادەکەی چاویان بە عەبدوڵڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکە، لە گرتوخانەی تاکەکەسی ئیمڕاڵی نەکەوتوە، هاوکات دوای هەوڵی کودەتای سەربازی لە تورکیا، لە ئیمڕاڵیش باری نائاسایی ڕاگەیاندراوە و بەو بەهانەیە دەوڵەت ڕێگە بە هیچ کەسێک نادات بچێتە ئیمڕاڵی، بۆیە ئەوەش گومانی لای گەلی کورد لەسەر تەندروستی و ژیانی ڕێبەرەکەیان زیاتر کردوە. رۆژ بەڕۆژ ناڕەزایەتیەکان زیاتر دەبن.

(ش ب)