ئەنجومەنی سەربازی منبج: رێگە نادەین یەک چەتەش لە منبج دەرچێت

18:32


ژنها

منبج - شەڕڤانان و فەرماندەیی ئەنجومەنی سەربازی منبج، لەبارەی دوایین هەنگاوەکانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی منبج لێدوانی رۆژنامەوانیان دا.

پاش نیوەرۆی ئەمڕۆ فەرماندەیی گشتی ئەنجومەنی سەربازی منبیج، لە بارەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی منبج، لە چوارڕێیانی ئەل بەتا لە باشوری ناوەندی شار کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و تیایدا راگەیەندراوی ئەنجومەنەکە خوێندرایەوە.

لە لێدوانەکەی ئەنجومەنی سەربازی منبج ،هاتبوو:" ئۆپەراسیۆنی فەرماندە شەهید فەیسەل ئەبو لەیلا بۆ ڕزگارکردنی منبیج بەتەواوی هێزەوە بەردەوامە، چورڕێیانی ئەل کورا و ئەل ئەردیە و گەڕەکەکانی دەوروبەری ڕزگار کراون، بەم شێوەیە ٩٠%ی ناوەندی شاری منبج لە چەتەکان پاککراوەتەوە، چەتەکان تەنها شوێنێکی زۆر بچوکیان بەدەستەوە ماوە، ئەویش لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکامنا دایە دەتوانین بەزووترین کات بەدەستی کۆنتڕڵی بکەین بەڵام ژمارەیەک لە هاوڵاتیان بە بارمتە گیراون و وەک قەڵغانی زیندوو بەکار دەهێنرێن."

هەروەها ڕاگەیانرا: " لەبەر ئەوەی کە چەتەکان جێگایان لێ تەنگ بووە، خەڵکی مەدەنی ئەو ناوچانەی باکوری شار کە ئێستا لە دەستی چەتەکاندا ماوە دەکەن بە قەڵغانی زیندوو، چەتەکان ئەو کەسانە دەکوژن، کە بە قسەیان ناکەن، ئێمە وەکو ئەنجومەنی سەربازی منبج لەبەر بەرپرسایتی مرۆڤانە و ئەخلاقی و نەتەوەییمان تا کاتێک کە هەموو خەڵکی مەدەنی لە دەستی چەتەکان ڕزگار نەکەین ڕێگا نادەین تەنانەت یەک چەتەش لە شارەکە هەڵبێ."
(ش ب)