رۆژنامەوانێکی ئاژانسی ڕۆژنیوز لە دهۆک تیرۆرکرا
17:16
ژنها
ناوەندی هەواڵ - سەرلەبەیانی ئەمڕۆ وەدات حسێن عەلی ڕۆژنامەنوسی ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆژنیوز، لە شاری دهۆک، لە گەڕەکی ماڵتا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو دەڕفێندرێت و پاش چەند کاتژمێرێک تەرمەکەی لە سەر ڕێگەی شارۆچکەی سێمێڵ - دهۆک، دەدۆزرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، وەدات تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هیچ کێشەو گرفتێکی نەبووە، دواتر لە ماڵ دەچێتە دەرەوەو لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە دەڕفێندرێت و بۆ شوێنێکی نەزاندراو دەیبەن و پاش چەند کاتژمێرێک تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.
زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژەبەوەدەکەن، وەدات بەگولە تیرۆر نەکراوەو تەنها بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانی لەدەستداوە.
جێگای باسە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاد لە چەند جارێک وەدات لە لایەن ئاسایشی دهۆکەوە بانگ کراوەو لێپرسینەوەی لێکراوە.
وەدات حسێن عەلی لە ١٩٨٨ لە پارێزگای دهۆک لە دایکبووەو ماوەی چەند مانگێکە گرێبەستی لە گەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوزدا واژۆ کردووە.
(ش ب)