زیادبوونی ڕێژەی زیندانیانی سیاسی ژن، زاڵبوونی ئەقڵیەتی دەسپۆتی دەوڵەتی ئێران دەسەلمێنێت
16:17
ژنها
ناوەندی هەواڵ – لەسەر زیادبوونی ڕێژەی زیندانانیان سیاسی ژن لە گروتخانەکانی ئێراندا، کۆمەڵگەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێدوانێکی ڕاگەیاند.
کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەژار لە بەیاننامەکەیدا کە ئاماژەی بە زیادبوونی ڕێژەی زیندانیانی سیاسی ژن لە ئێران کردووە، جەخت دەکاتەوە کە هەر یەک لەو ژنانە لە ساڵێکەوە تا ٢٠ ساڵ و زیندانیی هەتاهەتایی، بە هۆکاری ناڕەزایەتی دەربڕین بە سزای لەسێدارەدان، پاراستنی مافی ژنان، ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی دەوڵەت، دەربڕێنی بیروباوەڕی خۆیان و پشتگیری زیندانیانی سیاسی، خراونەتە پشت میلەکانی زیندان و بەردەوام بە سزاکەیان زیاد دەکرێت. جیا لەوەش هەواڵێکی ڕوون لە بارەیانەوە لەبەردەستدا نیە.
هەروەها کەژار ئاماژە بەوە دەکات کە ئامارێکی دروست لەسەر رێژەی زیندانیانی سیاسی ژن لە ئێران لەبەردەستدا نیە و دەڵێت: "لە ئێستادا ٢٦ زیندانیی باوەڕیی ژن لە بەندی ژنانی زیندانی ئێوینن، دوو زیندانی سیاسی ژن لە بەندەکانی ئاسایشی ئەو زیندانەن و ڕێژەیەکی زۆریتریش لە زیندانەکانی ئورمیە، سنە، خۆی و شارەکانی تری ئێرانن."
کەژار سزا و پەروەندەکانی ئەفسانە بایزیدی، نێرگز محەمەدی، سەفیە سادقی، هۆما هودفەر و زەینەب جەلالیان بەبیر دێنێتەوە و وەها بەردەوام دەبێت: "بە سەدان ژنی دیکەش هەن کە دوای سزدانیان بارودۆخێکی ڕونیان نیە و زۆربەیان لە مافی سەرەتایی بێبەشن و بارودۆخیان نالەبارە."
هەروەها جەختیش دەکاتەوە: "هەریەک لەو ژنانە نوێنەری چینێکی تایبەت لە کۆمەڵگان و پارێزەری ناسنامەی گشتیی ژنانن کە لەمپەرێکی گەورەیە لە بەرامبەر ڕوانینی پیاوسالارانەی حکومەتی ئێران. هەوڵی بەردەوامی ئەوان بۆ پارێزوانی لە مافی خۆیان، حکومەتی تووشی کێشە کردووە. لەو ڕووەوە هەوڵ دەەن بە لەمپەڕدانانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ڕیگا لە چالاکی ژنان بگرن. بەڵام ئەوەی لە مێژووی تێکۆشانی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەبینرێت، ئەوەیە کە چەندە حکومەت ئاستەنگی درووست بکات، تێکۆشانی ژنانیش بەرفراوانتر دەبێت."
کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(کەژار) لە کۆتایشدا ڕادەگەیەنێت: "بۆ بەرفراوانکردنی چالاکی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ئازادیی زیندانیانی سیاسی ژن تێکۆشان دەکەین و پێویستە ژنانی کۆمەڵگاش لەو چوارچێوەیەدا پەرە بە چالاکیەکانیان بدەن. ناوەندە مەدەنیەکان و چالاکانی مافی مرۆڤیش پێویستە پشتگیری چالاکیەکانیان بکەن."
(ش ب)