ژنانی لە سوێد بە ڕێپێوانێک داوای ئازادی ئۆجالان دەکەن
12:25
ژنها
ناوەندی هەواڵ - رۆژی ٩ی ئەیلول، ژنانی کوردی دانیشتوی وڵاتی سوید لە شاری ئوپسالا کۆ دەبنەوە و ٨٠ کیلۆمەتر تا ستۆکهۆڵم، بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری پەکەکە، رێپێوان ئەنجام دەدەن و پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە، ١٠ی ئەیلول لە ٢٠ەمین فستیڤالی کلتوری کوردانی سکاندنافیا لە ستۆکهۆڵم بەشدار دەبن.
ئەو رێپێوانە لە لایەن یەکێتی ژنانی کوردی سارا و کژار لە سویدا، رێکخراوی ژنانی کورد لە ئۆرەبرۆ، رێکخراوی ژنانی کورد لە بۆرلانگ، کومیتەی کژار لە کارلستاد، کۆمەڵەی ژنانی کورد لە گوتەنبۆرگ، رێکخراوی ژنانی کورد لە گوتەنبۆرگ، ئەنجومەنی ژنانی کوردی ئامارا، کومیتەی کژار لە ستۆکهۆڵم، رێکخراوی ژنانی کورد لە نەرویج، ئەنجومەنی ژنان لە دانیمارک، کۆمینی ژنان لە گاڤل و دایکانی کورد لە سویدا بەڕێوە دەچێت.
رێکخراوە بەڕێوەبەرەکانی ئەم رێپێوانە راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردۆتەوە و باسیان لە گرینگی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ هەموو گەلی کورد و ژنانی کورد کردوە، ئەو رێکخراوانە لە راگەیەندراوەکەدا داوایان کردوە کە گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان بە زووترین کات لابردرێت.
هەروەها ناوەندی کۆمەڵگای دیموکراتی کورد (نەجەدەکە) لە سوید لە لێدوانێکدا داوای لە هاوڵاتیانی کورد کردوە کە رۆژی ١٠ ئەیلول بەشداری ٢٠ەمین فستیڤالی کلتوری کوردانی سکاندنافیا بن کە لە گەڕەکی سۆلنای شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوەدەچێت.
ئەو فستیڤالە لە سۆناهالێن بەڕێوە دەچێت و بڕیارە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە، لەوێ وتارێک پێشکەش بکات.
(ش ب)