لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای ئازادکردنی ژنێکی ئێزیدی لە حکومەتی هەرێم دەکات

13:45

ژنها

ناوەندی هەواڵ - رێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای بەپەلە ئازادكردنی ئەو ژنە ئێزدیە دەكات كە ماوەی دوو ساڵە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دەستگیركراوە.

ئەمڕۆ رێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا باس لە دەستگیركردنی ژنێكی ئێزدیی دەكات، بەناوی بەسیمە دەروێش(تەمەن ٣٤ ساڵ) لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٤وە بەبێ دادگاییكردنی، ئەوەش بەتۆمەتی "هاوكاریكردنی داعش لەكوشتنی سێ پێشمەرگە"دا لەماڵێكیدا لەناحیەی زوممار كە ئەو ژنە تێیدا دەستگیركراوە.

فلیپ لوسەر، بەڕێوەبەری رێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و باكوری ئەفریقا رایگەیاند: "مایەی سەرسوڕمانە حكومەتی هەرێم كە بە بەردەوامی ئیدانەی تاوانەكانی داعش دەكات دژی ئێزدییەكان، "رزگاربوویەكی ئێزدیی دەستگیردەكات بەتۆمەتی تیرۆرو بێبەشی دەكات لەهەموو مافە بنچینەییە یاساییەكانی".

رێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، رێكخراوێكی جیهانییەو چاودێری مافەكانی مرۆڤ دەكات لەسەرجەم وڵاتانی جیهانداو راپۆرت‌و بەدواداچوونەكانی بۆ رای گشتیی بڵاودەكاتەوە، پێشتریش چەندی نجار لەسەر دۆسیەی جیاوازی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان راپۆرتی تایبەتی بڵاوكردوەتەوە.

ئێستا بەسیمە دەروێش لەبەندینخانەی هەولێری ژنان‌و نەوجەوانان زیندانییەو لەماوەی دەستبەسەربوونیدا مناڵێكی بووە بەناوی نور حسێن.

لەسەردانی رێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییدا بۆ هەرێمی كوردستان لەمانگی رابردوو، داوای سەردانیكردن‌و بینینی ئەو ژنەیان كردوە لەزینداندا، بەڵام داواكەیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆری حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتكراوەتەوە، ئەوان وتویانە"كاتێك پێشمەرگە گەیشتوەتە ئەوشوێنەی بەسیمە دەروێشی تێدا گیراوە لەزووممار، هەڵی خەڵەتاندوون بەوەی پێی وتون خانوەكە چۆڵە، دواتر پێشمەرگە چونەتە ناو خانوەكەو بەوهۆیەوە سێ پێشمەرگە شەهیدكراون".

لێبوردنی نێونەتەوەیی دەڵێت"پێویستە دەسەڵاتداری كوردی بەپەلە كۆتایی بهێنێت بە دەستگیركردنی ئەو ژنە ئێزدیەی لەدەست داعش رزگاری بووە".

لێبوردنی نێونەتەوەیی ئاماژە بەوەشدەكات كەسە نزیكەكان‌و چالاكوانان‌و كەسایەتییە فەرمییەكان دەگێڕنەوە كە بەسیمە دەروێش لەلایەن چەكدارانی داعشەوە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لەگەڵ هاوژینەکەی ‌و ٣٣ کەس لە خێزانەکەی ڕفێندرابوون كاتێك ویستبویان لەشەنگال بچنە دەرەوە.

لەكاتی رفاندنی لەلایەن داعشەوە، بەسیمە دووگیان بووەو لەگەڵ ئەوانی دیكەدا براون بۆ تەلەعفەر كە ئەوشوێنەی ژن‌و منداڵەكان لەپیاوەكان جیادەكرانەوە، تا ئێستاش چارەنووسی ٣١ خزمەكەی ئەو ژنە بەنادیاریی ماوەتەوە.

لەسەرەتای مانگی ئابی ٢٠١٤ رێكخراوی داعش هێرشی کردەسەر شەنگال‌و ناوچە ئێزدی نشینەكانی دەوروبەری و كۆمەڵكوژی لەدژی ئێزدییەكان ئەنجامداو هەزاران ژن‌و كچی ئێزدیشی بە دیل گرت.

(ش ب)