کۆتایی هاتنی خولێکی پەروەردەی شەرڤانانی عەرەب

12:11

ژنها

کۆبانێ – یەکەمین خولی پەروەردەیی شەڕڤانانی عەرەب(خولی شەهیدی فەرماندە فەیسەل ئەبو لەیلا) لە کانتۆنی کۆبانێ کۆتایی هات.

لە کانتۆنی کۆبانێدا لە ژێر چەتری (ئەکادیمیای شەهید سادق)، یەکەمین خولی پەروەردەیی فەیسەل ئەبو لەیلا بۆ شەڕڤانانی بەڕەچەڵەک عەرەب لەناو (یەپەگەو یەپەژە) بەڕێوەچوو، دوێنێش بە مەراسیمێک کۆتایی هات.

٣١ گەنج بە کچ و کوڕەوە بەشداریان لە خولەکەدا کرد و ماوەی ٤٥ ڕۆژ بەردەوام بوو.

لە مەراسیمی کۆتایی هاتندا، شیلان سەیران، فەرماندەیەکی یەکینەکانی پاراستنی گەل و پاراستنی ژنان، قسەی کرد، شیلان وێڕای پیرۆزکردنی خولەکە لە شەرڤانان وتیشی: "بەناوی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە پیرۆزبایی لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەین، کە زەمینی پێکەوە ژیانی ئافراندوەو هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی ئەمڕۆژانە ببینین. کاتێک دەستمان بەو خولە کرد هێشتا هەڵمەتی ئازادکردنی شاری منبج بەردەوام بوو، ئێستاش منبج ئامادەیە و ئێوەش ئامادەن بۆ ئەوەی بچنە گۆڕەپانی تێکۆشان."

هەروەها هەندێک لەو شەرڤانانەی بەشداریان لە خولەکەدا کردوە بۆ ئاژانسەکەمان دوان، ڕوکەن حەمزە یەکێک لەو شەرڤانانەیە و وتی: "ئەمڕۆ خولەکەمان کۆتایی هات، منیش بڕیارم داوە تا دواین ساتی ژیانم لە بەرامبەر چەتەکانی داعش بوەستمەوە، ئەم خولەی پەروەردە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، سودی زۆرمان لێبینی، لێرەوە فێربووین کە ئازادی تەنها بە چەک نا بەڵکو بە ڕامانی ئازاد بەدیدێت."

لای خۆشیەوە شیرین منبجی، ئاماژەی بەوەدا کە لەناو کۆمەڵگادا مافەکانی ژنان پێشێلکراون، هیچ ڕۆڵێک بۆ ژن نەماوەتەوە و وتیشی: : "هۆکاری بەشداری کردنم پارێزگاری کردنە لەمافەکانی ژنان، چونکە ئێمە لە ژێردەستی چەتەکان پەرێشان بووین، خانەوادەکەشم منیان بەزۆر بە پیاوێکدا، بۆیە دوای سێ مانگ لێی جیا بوومەوە و هاتمە ناو شەرڤانان دەزانم مافەکانم لێرە دەدۆزمەوە."

مەراسیمەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی "ژن ژیان ئازادی"و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" کۆتایی هات.

(ش ب)