بۆ ساڵڕۆژی کۆچی دەنگێکی هەمیشە زیندوو
09:27
ژنها
ناوەندی هەواڵ – ئەمڕۆ یانزدە ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کۆچی دوای هونەرمەندی مەزنی کورد، مەرزیە فەریقی.
١٨ی ئەیلول ڕۆژی مەرگی ھونەرمەندی شۆڕشگێڕ مەرزیە فەریقیە، ڕۆژی ماڵئاوای کردنی هونەرمەند و دایکی هونەری کوردیە، ژنێک پێشمەرگە، ژنێک ھاوڕێی پێدەشت و چیاکانی کوردستان بۆ ئازادی و ڕزگاری نەتەوەیی و ژنە ھونەرمەندێک خەرمانێ لە گۆرانی و ئاوازی کوردی.
ناوی تەواوی مەرزییە شەھاب عەبدوڵایە، لە ساڵی ١٩٥٨ لە مەریوانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی ھەر لە مەریوان تەواو کردووە. دواتر لە کۆتایی ساڵانی ١٩٧٠ دا دەچێتە شاری سنەو ئامادەیی خوێندنی بوون بە مامۆستایی تەواو دەکات. ھەر دوای تەواوکردنی خوێندن وەک مامۆستا لە گوندێکی نزیک شاری مەریوان دەست بەکار دەبێت و دواجار لە ساڵی ١٩٧٨ لە گەڵ ھونەرمەندی ناسراوی کورد ( ناسڕی ڕەزازی) ژیانی ھاوسەری پێک دەھێنیت. مەرزیە و ڕەزازی بە ھۆی بارو دۆخی ڕامیاری ئێران، ھەر زوو ڕۆژھەڵاتی کوردستان جێدەھێڵن و ڕوودەکەنە چیاکانی کوردستان و دەبنە پێشمەرگە. دواجار ھەر لە چیاکانی کوردستانەوە ژیانی سەخت و ویِستگەکانی پڕ تێکۆشانی مەرزییە دەست پێدەکات. گەرچی خەباتی شاخ و ئەو سەردەمە بۆ ژنە ھونەرمەند و مامۆستایەک زۆر سەخت بوو، بەڵام ئەو زۆر سەرسەخترانە بەگژ ڕۆژە دژوارەکانی ژیاندا دەچێتەوە و ھەر لە چیاکانەوە دەنگی پڕ نەعرەتەی لەگەڵ ڕەزازیدا بە (سڵاوی گەرمی دڵی پڕ ئومیدی دڵ پێشکەش، ئەی ھەڤاڵی پێشمەرگە...) بۆ جۆشدانی برا و کڵپە سەندنی شۆڕش و ھاندانی ھاونیشتمانانی ھەڵدا. ویستگەی ژیانی مەرزییە و خێزانەکەی لە ساڵی ١٩٨٥دا لە چیاکانی کوردستانەوە ڕوودەکاتە ووڵاتی پڕ غوربەتی سوید و ژیانێکی دوورە ووڵاتی لەگەڵ هاوژینە هونەرمەندەکەی و مندالەَکانی (دڵنیا، ماردین، کاردۆ) بە سەردەبات.
سەرەتای دەستپێکی ژیانی ھونەری مەرزییە لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە دەست پێدەکات، کە کاتێک لە چالاکییە ھونەرییەکانی قوتابخانەکەیندا وەک گۆرانیبێژ بەشداردەبێت. دواتر لە ساڵی ١٩٧٧ لە قۆناغەکانی خوێندنی مامۆستایدا لە گەڵ (کۆڕی موزیکی ڕادێوی سنە)دا چەندین جار لە سەر تەختی شانۆ گۆرانی چڕیوە. پاش خەباتی شاخ و بەجێھێشتنی وڵات و لە سوید نیشتەجێ بوون، بە ھۆی سەقاڵی بە دایکایەتی و ژیانی سەختی ئەوروپاوە، ساڵانێک لە ھونەری گۆرانی وتن دادەبڕێت.
دواتر ھونەری مەزرییە لە ساڵی ١٩٩٤ دا بە گۆرانی وتن و لەگەڵ ڕەزازی ھاوسەریدا تۆمارکردنی چەند بەرھەمێک دەستدەکاتەوە. لەم ساڵانە بەدواوە چرای ڕوناکی ھونەری مەزرییە بە جۆرێکی تر و پڕ شەوقتر دادەگرسێت و بە بەردەوام لە بزاوتی ھونەری موزیک و گۆرانی کوردیدا دەبێتە سمبولی ژنە کوردێکی ھونەرمەند و لە پاڵ ئەوەشدا دەبێتە نموونەی ژنە شۆڕشگێرێکی نەتەوەیی و داکۆکی کارێکی سەرسەختی سەربەخۆ و دوور لە کۆمەڵە و حیزبایەتی بۆ داکۆکی کردن لە مافی ژنان و منداڵان و چالاکانە لە چەندین چالاکی جۆراو جۆری ئەم بوارەنەدا بەشدار ئەبێت.
مەرزییە توانایەکی بێ وێنەی لە شێوازی گۆرانی وتندا ھەبوو، ئەو لە سەر چینە دەنگی ئاڵتۆ دەیخوێند، بەڵام زۆر بە باشی دەیتوانی خۆی لە چینە بەرزەکان بدات، زۆر بە جوانی گەمە بە تۆنە موزیکیەکان بکات و ئاوێتەی ئاواز و تێکستی گۆرانییەکانی بێت. مەرزییە زۆر کارامەبوو لە سەر تەختی شانۆ، ھیچ دوودڵی و دڵە ڕاوکێک لە بەرنامە زیندووەکانی تیڤی و کۆنسێرتەکانیدا لە گەرویدا بەدی نەدەکرا، لە گۆرانییە فۆلکلۆری و ڕیتمیکیەکانیدا پێدەکەنی بە ڕووی ھەوادارنیدا، لە گۆرانییە غەمەنگیزەکانیدا چاوەکانی دادەخست. ئەو ھەمیشە وەک ھونەرمەندێکی بە ئەزموون و پڕ ئیستاتیکای و ژنە ھونەرمەندێکی بەرگ کوردی، بۆنە نیشتمانی و جیاوازەکانی دەڕازاندەوە.
مەرزیە یە کەمین ھونەرمەندی ژن بوو لە گۆرانیەکانیدا خەمی ژنی ھەڵگرت بوو بۆ خەم و ئازار و مەینەتیەکانی ژن گۆرانی دەوت وگوزارشتی لە ستەم و چەوسانەوەی ژن دەکردو وەدەنگ ھاتبوو دژ بە سیستەمی دواکەوتوانەی پیاوسالاری و داب و نەریتی کۆنە پەرستانەی کۆمەڵگای کوردی ئە و یاخی بوو لە بیرکردنەوەی باوی کۆمەڵگا بە داخەوە دیارە ئەم خەم و ھەڵوێستانە لە ھونەری ژنانی تردا بە دی ناکرێت ھونەرمەندانی ژن ئە م خەمە گەورەیەی ژنیان فە رامۆش کردوە لە گۆرانیە کانیاندا و گوزارش لە ئازار و مەینە تیە کانی ژن ناکە ن و دژ بە ستەم و توندووتیژی ژنان دەنگ ھەڵ نایەنن لە ھونەرەکەیاندا ئە مان تابۆ پارێز و ڕچە پارێز و داب و نەریت پارێزن یاخی نین لە بیرکردنەوەی باوی کۆمەڵگا.
زۆر بە داخەوە لە لووتکە و ھەڵکشانی باڵای ھونەری گۆرانی ئەو هونەرمەندە مەزنەدا، بە ھۆی ھەڵەی پزیشکەوە لە ساتی نەشتەرگەریدا لە ڕێکەوتی ١٨/٩/٢٠٠٥ دا لە نەخۆشخانەی کارولینسکا ی ستۆکهۆڵَمی پایتەختی وڵاتی سوید گیانی پڕ بەخششی ھونەری و شۆڕشی لەدەستدا. کۆچی مەرزیە کۆچی مرۆڤێکی ئاسای نەبوو، بۆیە باوەڕکردن بە وەستانی دڵی گەورەی مەرزیە زۆر سەخت بوو بۆ خێزانەکەی و نەتەوەکەی. بۆیە لە ساتی گەڕانەوەی تەرمەکەیدا بۆ باشووری کوردستان، ھەر چوار پارچەی کوردستان ڕەشی پۆشی و عاشورایەک لە باشوور، باکور، ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای کوردستاندا بۆ مەرگی ناوادەی سازکرا. مەرزییە زۆر بە زووی بە تەنیا سڵاوێک لە پێشمەرگە بوو بەھاوڕێی و ھاوسۆزی نەتەوەکەی، بەڵام زۆر نەمایەوە و زۆر زوو ماڵئاوایی لە ھونەر و نەتەوەکەی کرد.
(ش ب)