"شەڕ لە پێناو ژیاندا جوانترین هونەرە"

09:35

ژنها

کەرکوک – ژنە فەرماندەیەکی گەریلا لە هەمانکاتدا هونەرمەندە و ڕادەگەیەنێت، شەڕیش هونەرێکە وەک ئەو نیگارانەی من نەخشیان دەکەم.

بێریتان ڕووکەن، فەرماندەیەکی یەژاستارە، لە بەرەکانی جەنگ لە دەوروبەری شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بێریتان هونەرمەندی نیگار کێشە و لەسەر گرنگی هونەر بۆ (ژنها) قسەی کرد.

بێریتان ڕایگەیاند: "وەک هێزەکانی گەریلا تەنها لە لایەنی سەربازیەوە نا، بەڵکو ژیان بە هەموو جوانیەکانیەوە سەرلەنوێ گەش دەکەینەوە، شەڕ وەک هونەر دەبینین، بۆیە ڕۆژانە لەناو ژیاندا پەرە بە بەهرە جۆربەجۆرەکان و هونەری خۆمان دەدەین."

ئەو فەرماندە ژنە وتیشی: لە کارە هونەریەکانماندا زیاتر گرنگی بە وێنەکانی گەریلا، ژیانی گەریلا، سروشت و ئازارەکانی گەلەکەمان دەدەین. دەمانەوێت ژیانی گەریلایی لە وێنەکاندا ڕەنگ بداتەوە."

باسی لەوەش کرد کە هونەر بۆ ئەوان زۆر گرنگە و بەو شێوەیە بەردەوام بوو: "رێبەرمان زۆر گرنگی بە هونەر دەدات و دەلێت؛ شەڕ هونەری هەرە مەزنە، هونەریش شەڕی بونیادنانی ژیانە، پێکهێنانی هونەریش لە ژیاندا هونەرمەندی ڕاستەقینەی دەوێت'. منیش دەمەوێت ببم بە پێشەنگێکی هونەر لەناو گەریلادا."

بێریتان سەرنجی ڕاکێشایە سەر واتای گەریلایەتی و وتی: "کاتێک دەوترێت سەرباز یان جەنگاوەر، وەک بکوژ، یان بێ هەست و نەست پێناسەیەکی بۆ کراوە، بەڵام گەریلا ئەو تێگەیشتنەی شکاندوە و سەلماندوویە کە شەڕ لە پێناو ژیاندا ژیان واتادارتر دەکات، چۆن تێکۆشان لە پێناو ژیانێکی ئازاد لە ئازادی بە نرخترە. نمونەی فەرماندەی زۆرمان هەیە کە لە هەمانکاتدا هونەرمەندی بە توانابوونە، لای ئێمە فەرماندەیی تەنها فەرماندان نیە و هیچ سنورێک ناخەینە نێوان خۆمان و هەڤاڵانمان، هەمان ئەرک بگرە زیاتریش کار دەکەین. بۆ ئەوەی ژیان ڕەنگینتر بکەین جۆرەها یاریمان هەیە، هەموو شتێک پێکەوە خۆشە، ژیان بە جیاوازیەکانەوە جوانترە."

بێریتان ڕووکەن ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو هەر منداڵیەوە ئەو بەهرەیەی هەبووە و لەناو گەریلاشدا بە گوێرەی دەرفەتەکانی خۆی بەردەوامی بەو هونەرە داوە.

(ش ب)