"تا دوای هەناسە لەسەر زێدی خۆم دەمێنمەوە"

14:08

زیلان جودی/ ژنها

تربەسپی- قەدیف خەلەف یەکێکە لەو ژنە ئێزدیانەی کە خاکی خۆی بەجێنەهێشتووە. قەدیفە لەبەر ئەوەی کە بەتەنیا ماوەتەوە بە یارمەتی ڕێخستنی ژنان ژیانی دەگوزەرێنێت.

قەدیفە خەلەف(تەمەن ٧٦) لەبەر ئەوەی نەیویست خاکی خۆی بەجێ بێڵێت، منداڵەکانی بەجێیان هێشتووە.

قەدیفە خەلەف تەمەن ٧٦ ساڵان، ژنێکی ئێزیدی دانیشتووی گوندی "مزگەوت" سەر بە شارۆچکەی تربەسپیەی کانتۆنی جزیرە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە تەمەنی ١٩ ساڵی دا ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە، لە ساڵی ١٩٩٤دا لە گەڵ هاوژینەکەی وەک زۆرێک لە ئێزیدیەکانی ئەو ناوچەیە روو لە وڵاتی ئەڵمانیا دەکەن، ماوەی ٧ ساڵ لە ئەڵمانیا دەمێننەوە بەڵام بە هۆی ئەوەی بەرگەی ژیانی غەریبی ناگرن دیسان دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

دوای ئەوەی هاوژینەکەی کۆچی دوای دەکات ماوەی چەندین ساڵ بەتەنیا لەماڵ دەمێنێتەوە و لە ساڵی ٢٠١٢دا لەسەر داواکاری منداڵەکانی دیسان دەگەڕێتەوە ئەڵمانیا، بەڵام جارێکیتر لە گەرمەی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە و وەک خۆی دەڵێت: "نەمتوانی ئەو ژیانەی لە ئەوروپا هەیە هەزم بکەم، چونکە هەرچەند پێشکەوتوون بەڵام لە ڕووی ئەخڵاقیەوە بۆشایی زۆر گەورەی هەیە، جارێکیتر گەڕامەوە بۆ ئەوی پشتگیری لە ڕۆڵەکانمان بکەین کە لە سەنگەرەکاندا دەجەنگن."

قەزیفە وتی: لەساڵی ٢٠١٤ بەدواوە بەهیچ شێوەیەک شوێنی خۆ بەجێنەهێشتووە و وتی: "ئەوە دوو ساڵ و نیوە گەڕاومەتەوەو لەلای ڕێخستنی ژنان دەمێنمەوە. منداڵەکانم قسەم لەگەڵ ناکەن، لێم زوویر بوونەوە لەبەر ئەوەی گەڕاومەتەوە، هیچ یارمەتییەکیشم بۆ نانێرن، من بەیارمەتی ڕێکخراوەکانی ئێرە ئەژیم، خۆم لێرە فێری پەروەردەی پاراستنی جەوهەری کردوە، هەروەها بەشداری دەکەم لە هەر چالاکی، مەراسیم و خەباتێک، دەمەوێت تا دوا هەناسە لەسەر خاکی خۆم بمێنمەوە."

"هەتا سەرۆک ئازادنەبێ ژنیش ئازاد نادبێ"

قەزیفە لە کۆتاییدا خۆشەویستی خۆی بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری گەلی کورد هێنایە سەرزمان و وتی:"ڕۆح، گیان و چاوی من ڕێبەر ئاپۆیە، من چاوی ماچ دەکەم و ئازادی ئەوم ئەوێت، ژن و ڕێبەرایەتی پەیوەستی یەکترین. هەتا سەرۆک ئازاد نەبێت، ژنیش ئازاد نابێت."
(ش ب)