بەسیمە کۆنچا: لە دەست بەسەرداگرتنی شارەوانیەکاندا دەسکەوتی ژنان کراوەتە ئامانج
14:10
ژنها
ناوەندی هەواڵ - بەسیمە کۆنچا، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە رایگەیاند کە، کودەتای دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکان لە لایەن ئاکەپەوە ژنانی کردوەتە ئامانج.
دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی باکوری کوردستان لەلایەن ئاکەپەوە بەردەوامە، یەکەم کار، کە ئاکەپە بەرامبەر شارەوانیەکانی دەبەپە ئەنجامیداوە، داخستنی ناوەندەکانی ژنانی ئەو شارەوانیانەیە، قایمقامی تورک لە شارۆچکەی فارقینی ئامەد، دەستی بەسەر شارەوانی شارۆچکەیەدا گرت و وەکو کاری دەستپێک ناوەندی ژنانی ئەو شارەوانیەی داخست، هەروەها ئەحمەد ئادانور، قایمقامی تورکی جزیرەش دەستی بەسەر شارەوانی جزیرەدا گرت و ئەویش ناوەندی ژنانی شارەوانی جزیرەی داخست، هەروەها لە هەردوو شارۆچکەکە دەست بەسەر هەموو بەڵگەکانی تایبەت بە ژنان لە شارەوانیەکاندا گیرا.
بەسیمە کۆنچا، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە سەبارەت بەم مژارە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەو رووداوانە لەم دوو شارۆچکەیە دەیسەلمێنێت کە، مافی ژنان پێشێل دەکرێت و ئاسایشی ژنان بە دەستبەسەردا گرتنی شارەوانیەکان و بەڵگەکانی تایبەت بە ژنان کەوتوەتە مەترسیەوە.
بەسیمە، راشیگەیاند، کە لە ناوەندی ژنانی ئەو دوو شارەوانیە هەموو بەڵگەکان و زانیاریەکان تایبەت بە ژنان دەستیان بەسەردا گیراوە، ئەو بەڵگانە هەموو بەڵگەی نهێنی سەبارەت بەژنان بوون، ئەوان دەستیان بەسەر ئەو بەڵگانەدا گرتووە بۆ ئەوەی، کە بتوانن ئەو زانیارییە نهێنیە دژی ژنان بەکار بهێنن، بۆیە ئێمە نیگەرانین.
وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەشدا، کە، ژنان هەمیشە ئامانجی هێرشەکانی ئاکەپە بوون، راگەیەندراوەکانی دەوڵەتی ئەو هێرشانە بەڕەوا دادەنێت، دەوڵەت دەیەوێت ژنان بچنە ناو ماڵانەوە، لەبەر ئەوە پێویستە دژی کودەتای دەست بەسەرداگرتنی شارەوانیەکان و هەروەها سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئاکەپە دژی ژنان تێکۆشان بکەین.
(ش ب)