"پلانگێڕی سیاسی لەسەر 'هەدەپە' بەڕێوەدەچێت"
14:41
ژنها
ئەنقەرە- هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە فیگەن یوکسەک داغ دەستنیشانی کرد کە دەستگیرکردنی ئالپ ئالتینۆرس ڕەوشی مافی مرۆڤ لە تورکیا نیشان دەدات، ئیتر زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە لەبەرامبەر ئێمەدا دەوڵەتێکی یاسایی بونی نییە دەوڵەت لە دەستی دەسەڵاتداری سیاسی دایە، دەسەڵاتی سیاسی لە تورکیا هەمووشتێک بەویستی خۆی بەڕێوە دەبات.
فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پارتی گەلانی دیموکراتی(هەدەپە) دوێنێ لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئاڵپ ئاڵتینۆرۆس ڕایگەیاند: "ئەو پلانگێڕییە سیاسییە لە دژی هەدەپە یە، ئەوە ئۆپەراسیۆنی پلانگێڕییە، لەو دوایانەدا لە ژێرناوی تێکۆشان لە دژی کودەتاچییەکان، ئەو کەسانە دەستگیر دەکرێن، دەستگیرکردنی ئالتینۆرس پارچەی ئەو ئۆپەراسێۆنی پلانگێڕییەیە.
یوکسەکداغ سەرنجی ڕاکێشایەسەر هۆکاری دەستگیرکردنی ئالتینۆرس و وتی: "لە میدیاکانی دەسەڵاتدا بانگەشە و داواکاری دەنووسرێن، دوای دەستگیرکردن تەسلیمی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی دەکەن، بەشداربوون لە مەراسیمی ناشتنی تەرمەکان وەک تاوان لەسەر ئەوان هەژماردەکرێ، لەلایەکی دیکەوە ئالتینۆرس، لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەنقەرە ئەشکەنجەی دەرونی و جەستەی دراوە."
یوکسەکداغ ئاماژەی بەوەشدا کە دوای دەستگیرکردنی ئالتینۆرس، بەئاشکرا دەبینرێ کە دەوڵەت نایاساییەکەی گەیشتۆتە چ ئاستێک و جەختیشی کردەوە: "بە هیچ شێوەیەک دەوڵەتی یاسایی لەبەردەم خۆماندا نابینین، ئەوەی ئێمە تێیگەیشتووین ئەوەیە ئەوکۆمپلۆ و پلانگێرییە سیاسیانەی بەرامبەر هەدەپە ئەنجام دەدرێن زۆرجار وای دەبینن کە ڕەوا دەکرێن و سەروەری خۆیان گەورە دەکەن، کەچی هەرپلانگێڕییەکی سیاسی لەم جۆرە ڕێ لەبەردەم هەڵوەشانەوەیەکی دیکە دەکاتەوە."
فیگەن یوکسەکداغ لە کۆتایشدا ڕایگەیاند: " دوای دەستگیرکردن و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی، ڕاگەیاندنی دەسەسەڵات پڕوپاگەندەی ناڕاست بڵاو دەکاتەوە، بەڵام ئەوەی لە تورکیا مرۆڤبێ و خاوەن ویژدان بێت ڕاستییەکان دەزانێت، ئالپ بەگوێرەی فەرمانەکانی ئێوە جموجۆڵی نەکرد، ئێمە لە هەموو مەیدانەکانی ژیاندا بەرامبەر بڕیارەکانتان دەوەستینەوە".
(ش ب)