هاوسەرۆکانی شارەوانی قەندیل: دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکان ئیرادەی گەل ناڕوخێنێت

09:41


ژنها

قەندیل – هاوسەرۆکانی شارەوانی بناری قەندیل وێڕای ئیدانە کردنی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی باکوری کوردستان، پشتگیری خۆیان ڕادەگەینن و بانگەوازی خاوەنداری کردن لە دەسکەوتە مێژوویەکانی گەلی کورد دەکەن.

هەریەک لە ئامینە حەمەد و مامۆستا محمەد، هاوسەرۆکانی شارەوانی بناری قەندیل سەبارەت بە داگیرکردنی ٢٨ شارەوانی باکوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، بۆ ئاژانسی هەواڵی ژنان(ژنها) دوان.

ئامینە حەمەد محمەد، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل، لەوباریەوە وتی: "بە درێژایی مێژوو پلانگێڕی لەسەر گەلی کورد لە هەرچوارلای کوردستان بەڕێوەچووە، ئێستاش بەردەوامی پلانگێریەک دەبینین، لە باکوری کوردستان دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکان تا بڵێی کارێکی نایاسایی و ناڕەوایە، هەموو داگیرکەران بەردەوام لە سەرکوتکردنی گەلی کورد درێخیان نەکردوە، بەڵام حکومەتی تورکیا بە هاوبەشی و هاوکاری کردنی داعش، دەستی بە هەڵمەتێکی دژ بە کورد کردوە، بە تایبەیش دوای سەرکەوتنی کورد لە هەڵبژاردنەکاندا چاویان بەو دەسکەوتە مێژوویانەی گەلی کورد هەڵنەهات. ئێستاش بە پلانگێریەکیتر دەست دەگرێت بەسەر شارەوانیە کوردیەکان و دەیانکات بە مۆڵگەی سەبازی."

ناوبراو وتیشی: "ئێمە وەک شارەوانی بناری قەندیل پشتگیری خۆمان ڕادەگەیەنین و ناڕەزاییمان هەیە بەرامبەر بە کارە قێزەونەکانی دەوڵەتی تورکیا، داواکاریشم لە سەرجەم شاروانیەکانی کوردستان دەکەم بە هیچ جۆرێک ئەو بڕیارە نابەجێیە قبوڵ نەکەن. شارەوانیە کوردیەکان بە دەنگی کورد بەدەستهێنراون، بۆیە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ کراو نیە."

لە کۆتایشدا ئامینە حەمەد، داوای لە دامودەزگاکانی باشوری کوردستان کرد هەڵوێست بنوێنن و وتیشی: "داواکارم لە ڕای گشتی جیهانش و وڵاتە زلهێزەکان چیتر چاوپۆشی لەو زوڵم و ستەمە نەکەن کە لەسەر کورد بەڕێوەدەچێت. تا کەی وڵاتەکان بێدەنگن و یاری بە کورد و کوردستان دەکەن."

لای خۆشیەوە مامۆستا محمەد هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل، ئیدانەی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی باکوری کوردستانی کرد، ناوبراو وتی: "بە درێژایی مێژوو دەوڵەتە داگیرکەرەکان نەیانهێشتوە گەلی کورد خاوەن ئیرادە و کیانی خۆی بێت، بۆیە بەبەردەوام هەوڵیانداوە دەسکەوتەکانی گەلی کورد لەناو ببەن، نمونەی شەڕی چاڵدێران لە مێژووی کوردستان نمونەیەکی بیر نەکراوە، هەروەها ڕێککەوتنامەی سایکس پیکۆ لە چوارچێوەی ئەو پلانانە بوو کە کوردستانی پێ پارچە کراوە، کۆماری مەهابادیش یەکێک لەو دەسکەوتە کوردیانە بوو کە هەر زوو کەوتە بەر هێرشی دوژمنانی کورد و توێندرایەوە، لە باشوری کوردستانیش هەموو ئەو دەسکەوتانەی بەدەستهێنراون هەمیشە هەوڵدراوە بۆ تێکبردن و لەناو بردنیان."

ناوبراو بەو شێوەیە بەردەوامی بە وتەکانیدا: "لە ماوەی دروستبوونی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستاندا، بەردەوام هەوڵدراوە سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەری بونیادبنرێت و سەرجەم نەتەوەکانی تریش لە خۆوە بگرێت، بۆ ئەوەی بە دیموکراتیزەترین شێوە گەلان بەیەکەوە بژین. "هەدەپە"ش بەو شێوەی لەناو گەل سەری هەڵدا و کەوتە هەڵبژاردنەکان، بەڵام وەک کردەوەی هەمیشەیی خۆی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا نەیتوانی ئەو سەرکەوتنانەی گەلی کورد قبوڵ بکات و هەزمی بکات، هەر بۆیە هەر زوو کەوتە هەوڵی لەناوبردنی. بێگومان لە ئەنجامی هەوڵ و خەباتی گەل توانرا ژمارەیەکی زۆر شارەوانی لە باکوری کوردستان و تەنانەت لە تورکیاش بەدەست بهێنرێن، سیستەمی خۆبەڕێوەبەریش توانی گۆڕانکاری گەورە لەگەڵ خۆی بێنێت."

ناوبراو ئاماژەشی بەوەدا کە گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستانیش ڕووبەڕووی هێرشی هەمان هێز دەبێتەوە و جەختی کردەوە: "گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ئەنجامی شۆرشدا سەرکەوت، خۆبەڕێوەبەری خۆی ڕاگەیاند، بەڵام وەک دەبینین بە چەندین پلانگێڕی تورکیا و دەوڵەتانیتر ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە، دواین جاریش هێرشی دەوڵەتی تورکیا و سنوربەزاندنەکانیەتی بۆ سەر خاکی فیدراڵی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا."

مامۆستا محەمەد لە کۆتایشدا ڕایگەیاند: "ئێمە وەک شارەوانی بناری قەندیل لە قەندیلی سەربەرزەوە پشتگیری خۆمان بۆ شارەوانیەکانی باکوری کوردستان ڕادەگەینین، چونکە ئەو شوێنانە شوێنی خزمەت کردنن بە خەڵک، بە توندی ئیدانەی ئەو هەوڵە دژ بە دیموکراسیەش دەکەین، تورکیا بەرەو سەربازبوون دەچێت، بانگەوازی لەگەلەکەمان دەکەین کە هەڵوێستی جددیان هەبێت، جارێکیتر بە ڕای گشتی دەکەین، چیتر چاوپۆشی لە پێشێکاری و وێرانکاریانەی باکوری کوردستان نەک و هەوڵێست بنوێنن."
(ش ب)