یەکەمین ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی رێباز تیلەکۆیی بەرز ڕاگیرا

10:22


ژنها

دەربەندیخان - لە شارۆچکەی دەربەندیخانی سەربە پارێزگای سلێمانی، ساڵیادی گیانبەختکردنی گەریلای هەپەگە عیرفان شەهابی بەرز ڕاگیرا.

ئێوارەی دوێنی، لە ماڵی گەریلای "هەپەگە" عیرفان شەهابی ناسراو بە ڕێباز تیلەکۆیی، ساڵیادی شەهیدبوونی بە بەشداری بنەماڵەکەی و هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی و ئەندامانی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە کرایەوە.

ساڵیادەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی دەستیپێکرد، پاشان بە سینەفزیۆنێک ژیانی شەهید لە پێش بەشداربوونی بۆ ڕیزەکانی گەریلاو پاش بەشداربوونی بۆ ئامادەبوانی مەراسیمەکە نمایشکرا.

لە مەراسیمەکەدا شیلان شاکر، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان لێدوانێکی داو وتی:"شەهید ڕێباز سنورە دەسکردەکانی نەناسیوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووەو لە باشوری کوردستان ژیاوە، دواتر لە پێناو گەلەکەیدا لە باکوری کوردستان شەهیدبووە، شەهید هەرچەندە لە دەرەوەی وڵات بووە، بەڵام وەک خۆی لە دیمەنەکاندا ئاماژەی پێکردووە ئەوروپا هیچی بۆ گەنجانی کورد نییەو دەبێت بگەڕێتەوەو لە پێناو گەلەکەیدا دەست بەخەباتی شۆڕشگێڕی بکات، تا دواجار گەڕایەوەو لە باکوری کوردستان گەشتە کاروانی نەمران".

شیلان شاکر وتیشی:"لەم ساڵیادەدا ئێمە سەرەخۆشی ناکەین، بەڵکو جوانترین پیرۆزبایی لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدوو تەواوی گەلی کورد دەکەین، لە هەموو قۆناغەکاندا گەلی کورد پێویستی بە ڕێبازەکان هەبووە، خەباتی شەهید ڕێباز و شەهیدانی دیکەی کوردستان گەلەکەمانیان لە چوارپارجەی کوردستان بەم ڕۆژە گەیاندووە، هەرچی دەسکەوت هەبیت لە سایەی خوێنی شەهیداندا بەدی هاتووە، بۆیە خەباتکردنە لە پێناو ڕێبازی شەهیداندا ئەرکی هەموو لایەکمانە، بەتایبەت گەنجانی گەلەکەمان".

دواتر دایە ئامینە دایکی شەهید ڕێباز لە لیدوانێکیدا پاش بەخێرهاتنی ئامادەبووان وتی:"ئامادەبوونتان هەمیشە سەربەرزی بووە بۆ ئێمە، من شانازی بەو کوڕەمەوە دەکەم کە لە پێناو گەلەکەیدا شەهیدبووە، هەرچەندە ڕێباز تەنها کوڕی من نەبووە، ئەو کوڕی گەلەکەیەتی، کوڕی چوارپارچەی کوردستانە، هەرچەندە کوردستان هەر یەکەو دوژمنان کردوویانە بەچوار".

دایە ئامینە وتیشی:"هیوادارم خوێنی شەهیدان ببێتە مایەی یەکڕیزی دەنگی گەلەکەمان لە تەواوی کوردستاندا، یەک دەنگی و یەکڕیزی گەلی کورد ئامانجی سەرجەم شەهیدان و بنەمالەی شەهیدانیش بووە".

پاشان وتاری یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە، لەلایەن لوقمان سەعیدی برای شەهیدەوە خوێندرایەوە کە تێیدا هاتبوو:"شەهید هەر لەسەرەتای پێگەیشتنیەوە چەندین خەباتی بەڕێوەبردووە لە پێناو پاراستنی کلتور و هەبوونی گەلەکەیدا، پاشان لە دژی داگیرکاری و هێڵی خیانەتدا، لە ڕیزکانی گەریلادا تا دواین ساتی بەردەوامبوو لە بەرخۆدان و خەبات، تاوەک و لە چالاکییەکی فیداییدا لە پێناو گەلەکەی و ئازادیدا شەهید بوو".

یەرەکە ڕایگەیاندبوو:"ساڵیادی شەهید ڕێباز دەبێتە هۆی نوێکردنەوەی خەباتی گیانبازی لە پێناو ئازادیدا، لەم قۆناغەدا خیانەت لە هیچ هێزو گروپێک قبوڵناکرێت، وە بەجالاکی فیدایی تەڤگەری ئاپۆچێتی بەردەوام دەبیت لە خەبات لە پێناو ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد دا".

هەر لەو مەراسیمەدا بەیان فەرج ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە لیدوانێکی داو ڕایگەیاند:"قارەمانی شەهید ڕێباز بە قسە باسناکرێت، ئەو سنوری نەناسی و بۆ بەچۆکدادانی دوژمن خەباتی خۆی بردە باکوری کوردستان و لە پێناو گەلەکەیدا فیداییانە گیانی خۆی بەخت دەکات".

مەراسیمەکە بە وتنەوەی دروشمی شەهیدان نامرن کۆتایی هات.

گەریلای عیرفان سەعید، ناسراو بە ڕێباز تیلەکۆیی، لە دایکبووی ١٩٨٩ ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ١٩-٩-٢٠١٥ لە چالاکییەکی فیداییدا دژی بارەگای سەربازی دەپێی سەر بە جولەمێرگ شەهید بوو، لە چالاکییەکەیدا دەیان سەربازی دەولەتی تورک کوژران و برینداربوون.
(ش ب)