دایکی شەهید ڕێباز: کوڕەکەم کەم ژیا کەڵ ژیا

12:38


ژنها

دەربەندیخان – لە یەکەمین ساڵوەگەری کوڕەکەیدا دایکی شەهید ڕێباز تیلەکۆیی ڕایگەیاند: کوڕەکەم کەم ژیا، بەڵام کەڵ ژیا.

دایکی عیرفان شەهابی ناسراو بە (ڕێباز تیلەکۆیی) و سەمیرە شەهابی خوشکی لە ساڵیادی گیانبەختکردنیدا بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد.

لەیەکەمین ساڵڕۆژی گیانبەختکردنیدا دایکی شەهید سڵاوی ئاراستەی سەرجەم بنەماڵەی شەهیدان و تێکۆشەران کرد و وتی: "کوڕەکەم شەهیدی هەرچوارپارچەی کورستانە، ئەو هەرچەند تەمەنی بچوک بوو، بەڵام ئەو کەم ژیا و کەڵ ژیا، کوڕێکی بە ڕەحم، ژیر و سەرکەوتوو بوو، ئەو خۆشەویستی گەلەکەی و هەرچوار پارچەی کوردستان بوو. من وەک دایکی شەهید شانازی پێوە دەکەم، سەربەرزم و جێگەی شانازیمە کە توانیومە کوڕێکی وەک ڕێباز گەورە بکەم."

دایکی شەهید بەو شێوەیە بەردەوامی بە وتەکانیدا: "ئەو چەند جارێک چوو بۆ قەندیل لەبەر ئەوەی منداڵ بوو گەڕێندرایەوە، دواتر چوو بۆ ئەوروپا و ژیانی ئەوێی پێ قبوڵ نەکرا لە بەرامبەر بارودۆخی گەلەکەی، گەڕایەوە بۆ قەندیل، لەوێشەوە بڕیاری چالاکیدا و پیرۆزبایی لێ دەکەم، سڵاو بۆ دایکانی شەهیدانی ڕۆژهەلات دەکەم، دەبێت بە هێز بن. لە جیاتی دڵۆپێک خوێنی گەریلا، هەزاران گەریلا ڕوو لە چیا دەکەن."

دایکی شەهید لە کۆتایشدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر دۆخی رێبەری پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان و وتی: "هیوادارم هەرچی زووە ڕێبەر ئاپۆ ئازاد ببێت، ڕێبەر ئاپۆ ئەو کەسەیە کە ژنی ئازاد کرد، کوڕەکەشم لە سەر رێبازی ئەو شەهید بووە، بۆیە سەرم بەرزە."

هەروەها سەمیرە شەهابی خوشکی شەهید ڕێباز ڕایگەیاند: "شەهید ڕێباز بەو چالاکیەی ئەنجامیدا پەیامێکیدا بە گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان، پەیامی ئەوەی دا لە خەوی غەفڵەت بە ئاگا بێن بەرامبەر بە پلانەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکان، پەیامی هۆشیارکردنەوەی گەل بوو. بە خزم و دۆستانیشی ڕاگەیاندوە کە چیتر ژیانی کۆیلایەتی قبوڵ نەکەن، چونکە تاکی کۆیلە هەمیشە لە ئازادی بێ بەشەو زیاتر دەچەوسێندرێتەوە."

سەمیرە جەختیشی کردەوە: "دەوڵەتی ئێران لە ڕووکەشیدا وا پیشانیدا کە خزمەت بە گەلی کورد دەکات، بەڵام چەپەڵترین سیاسەت لەسەر کۆمەڵگا بەڕێوە دەبات، ئیتر کاتی ئەوە هاتوە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش شۆڕشێک بەرپا بکەن، وەک باکور و ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە شەهیدان لە پێناو ئازادی کوردستانی گەوە گیانی خۆیان فیدا کردوە، شەهید ڕێباز لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتە باشور و لە باکور شەهید بوو، ئەو پەیامەی دا کە دەبێت سنورە دەستکردەکان بسڕینەوە، هیوادارم هەرچی زووە رۆژهەڵاتی کوردستانیش بکەین بە مەشخەڵی سەرکەوتن و ئازادی.

لە کۆتایدا سەمیرەی خوشکی شەهید ڕێباز وتی: "یادی شەهیدی برام بەرز و پیرۆز بێت، گەرچی هەڤاڵ ڕێباز لەناوماندا نەماوە، بەڵام خەباتی ئەو لەنا بنەماڵەکەی بەردەوامە، بۆتە جێگەی شانازی بۆ هەموومان."

عیرفان سەعید ساڵح شەهابی، ناسراو بە (ڕێباز تیلەکۆیی)، لەبەرواری 19-09-2015 لە چالاکییەکی فیداییانەدا لە ناوچەی جولەمێرگی باکوری کوردستان دەچێتە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە.
(ش ب)