ژنانی کۆبانێ لە ئامادەکاری وەرزی سەرمادا
10:24
رابیعە عێتۆ/ ژنها
کۆبانێ – دوای شەڕی سەخت و بەرخۆدانی بێ وێنەی کۆبانێ، بۆ جاری یەکەم هاوڵاتیانی ئەو شارە بە ئاسودەیی چاوەڕوانی هاتنی وەرزی زستان دەکەن.
ژنان دەستیان بە ئامادەکاری کردوە بۆ وەرزی زستان، ژنان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرجەم بەرهەمەکانیان لەگەڵ شەرڤانان دابەش دەکەن.
سەرەڕایی ئەوەی هێشتا پاشمەوەی شەڕی بێ ئامان لە کۆبانێ ماوە، بەڵام ژنان بە ڕۆحی ئافرێنەری و سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە لەناو خەباتە جۆراو جۆرەکاندان.
یەکێک لە ئامادەکاریان، دروستکردنی بەرهەمە خۆراکەیاکانە، وەک؛ دۆشاوی بیبەر، دۆشاوی تەماتە، دروستکردنی ساوار و بەروبوومە دانەوێڵەییەکان، شیرینکردنی زەیتون و ...هتد
خالیسە ئەحمەد، لە کاتی گەنم کوڵاندندا وتی: "هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا گەنم دەکوڵێنین و دوای دەیکەین بە ساوار، ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو نەمانتوانی بەردەوامی بەو کارەمان بدەین، بەڵام ئەمساڵ بەخۆشحاڵیەوە ئامادەکاری وەرزی سەرما دەکەین."
خالیسە سەرنجی ڕاکێشایە سەر بەرخۆدانی شەڕڤانان و وتی: بە هۆی شەڕ و هێرشەکانی داعش دووچاری کۆچبەری بووینەوە، دوای ئازادکردنی کۆبانێ لەلایەن شەڕڤانانەوە، گەڕاینەوە سەر زێدی خۆمان، ئێستاش لە سایەی شەڕڤانانی یەپەگە- یەپەژە، بە ئارامی دەژین و هەموو شتێک ئاسایی بۆتەوە، بۆیە بڕیارماندا هەموو ئامادەکاریەکانمان لەگەڵ ڕۆڵە شەڕڤانەکانمان بەش بکەین."
لای خۆشیەوە بەدێ حەمی، کە سەرقاڵی دروستکردنی دۆشاوی بیبەر بوو، وتی: "دوای هێرشی چەتەکانی داعش جاری یەکەمە ئامادەکاری زستان دەکەین، ئێستا خەریک کوڵاندنی بیبەرم بۆ ئەوەی بیانکەین بە دۆشاو، کاتێک ئامادەکاریەکان بەدەستی خۆمان بێت، تامی زیاتر و واتادارترە."
(ش ب)