هاوسەرۆکی شارەوانی کۆبانێ: دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکان بەشێکە لە سیاسەتی لەناوبردن
12:35
زاهیدە ئەحمەد/ژنها
کۆبانێ – هاوسەرۆکی شارەوانی کانتۆنی کۆبانێ، بەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی باکوری کوردستان کاردانەوەی توندی دەربڕی و ڕایگەیاند: تێکڕایی کارە ناڕەواکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە ئیرادەی گەل شکست دێنن.
دەوڵەتی تورکیا بە ئەنجامدانی کودەتایەکی سیاسی دەستی بەسەر ئیرادەیی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەلی کورد داگرتوە، ئێستاش بە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی سەرۆک شارەوانیەکان هێرشەکانی بەردەوام دەکات.
لە سەر ئەو هێرشانە ڕۆژبەڕۆژ کاردانەوەکان پەرەدەسێنن، زەهرا بەرەکات، هاوسەرۆکی شارەوانی کانتۆنی کۆبانێ لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد، زەهرا ڕایگەیاند: "بە توندی دەسبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی باکوری کوردستان ئیدانە دەکەین. ئەو کردەوە ناڕەوایە لە پێش چاوی جیهان ئەنجامدەدرێت، سیاسەتمەدار، نوێنەرانی ئیرادەی گەل، مامۆستا و کارمەندە کوردەکان لە سەر کار لادەبرێن. دەبێت کاردانەوەکان بەرفراوان تر بکرێن، ئەوەی بەڕێوەدەچێت لەسەر گەلەکەمان لە باکوری کورستان ئەو پەڕی نا عەدالەتیە."
زەهرا جەختیشی کردەوە کە گەلی کورد بە بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەریەکان دەوڵەتی تورکیای بەرەو هەڵوەشانەوە بردوە، وتیشی: "ئامانجی حکومەتی فاشیستی ئاکەپە ئەوەیە ئیرادەی گەل بڕوخێت، بۆیە کەسانێکی ئەرکدار کردوە کە بە ئیرادەی گەل هەڵنەبژێڕدراون، بەڵام ئیرادە و هێزی گەلی کورد زۆر لەوە گەورەترە، بۆیە بڕوامان وایە گەلەکەمان لە ئەنجامی ئەو بەرخۆدانیەدا ڕزگاری ببێت لە زوڵم و ستەمی ئاکەپە."
زەهرا بەرەکات لە کۆتایشدا وتی: "ئێمە وەک شارەوانی کۆبانێ، پشتگیری خۆمان بۆ ئەندامان و ڕێوەبەرانی شارەوانی لە باکوری کوردستان ڕادەگەیەنین، ئاشکرایە دژ بە هێرشی چەتەکاندا بۆ سەر کانتۆنی کۆبانێ، شارەوانیەکانی باکوری کورستان بە گیان و ماڵ هاوکاریان کردین، ئەوان قوربانیاندا بۆ کۆبانێ، ئێمەش تا دواین ساتی تێکۆشانیان لەگەڵیانداین و بەرخۆدانی بەشکۆیان سڵاو دەکەین."
(ش ب)