ئارین میرکان، سەمبولی ڕۆحی بەرخۆدان
10:08
رابیعە عەتۆ- گوڵان بۆتان / ژنها
کۆبانێ ـــ ئارین میرکان، شەڕوانی لێگەڕی حەقیقەت و سەمبولی بەرخۆدان، بە چالاکیە فیداییەکەی لە دژی چەتەکانی داعش ناوی لە مێژوودا تۆمار کردو وتی : "ژنی کورد هێشتا قسەی کۆتایی خۆی نەکردووە. ئازادی تەنها بە داواکاری بەدەست نایەت."
واتای ژیان لە کەسایەتی و هەڵوێستی لێگەڕانی حەقیقەت و سەمبولی بەرخۆدانی ئارین میرکاندا گۆڕدرا بۆ بەرخۆدانی لە بەرامبەر داگیرکاری. ئارین میرکان (دلار گەنج خەمیس) فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە ساڵی ١٩٩٢ لە گوندی میرکانی ناوچەی ماباتانی سەر بە کانتۆنی عەفرین لەدایک بووە. ئارین لە بنەماڵەیەکی وڵات پارێزو بەهەڵوێستدا گەورە دەبێت و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە گوند دەخوێنێ. ئارین لە ساڵی ٢٠٠٧ بەشداری ناو ریزەکانی تەڤگەری ئازادی کوردستان دەبێت و بە دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ٣ برای تری بەشداری خەباتی پاراستن دەبێت.
ئارین کە خاوەنی تایبەتمەندی پێشەنگایەتی بوو، لە گردی مشتەنور بووە فەرماندەی یەکینەیەک. ئەو لە هەموو مەیدانەکانی شەڕدا سەرچاوەی هێز بوو بۆ هەڤاڵانی و لەهەموو هەلومەرجێکی ژیانیدا نمونەی هەڤاڵێتی بوو. هەمیشە دەم بە پێکەنین بوو هێزی دەبەخشیە دەوروبەری. لەبەرامبەر هەموو کێشەکان و پرسی گەلەکەیدا خاوەن ڕۆحێکی بەرپرسیارێتی بوو. دوای ئەوەی چەتەکانی داعش چواردەوری گردی مشتەنوریان لە کانتۆنی کۆبانێ گرت، لە ٥ / ١٠ / ٢٠١٤ بە ئەنجامدانی چالاکیەکی فیدایی لە دژی چەتەکانی داعش، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا داستانێکی نوسیەوە. ئارین لە هێرشی کۆمەڵکوژی چەتەکاندا وتبووی، "ژنی کورد لە بەرخۆدانی کۆبانێدا هێشتا دوایین قسەی خۆی نەکردووە. ئێمە لە چەتەکان ناترسین، تا کۆتایی شەڕ دەکەین و لە جیاتی ئەوەی بکەوینە دەستی چەتەکان، چالاکی فەدایی ئەنجام دەدەین." ئارین بە هەڵوێست و بەرخۆدانی بۆ هەموو ژنانی دونیا بووە سەرچاوەی هێزو باوەڕی. لە ساڵوەگەڕی چالاکیەکەی ئارین-دا هەڤاڵانی بۆ ئاژانسەکەمان دوان.
"ئارین خەونی مەزنی هەبوو"
پەنابەر لەعمان یەکێک لە هاوڕێیانی ئارین میرکان کە ماوەکەی درێژ لەگەڵ ئارین ژیاوە دەستنیشانی کرد کە، ئارین خەونی مەزنی هەبوو و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "ئارین لە ژیاندا نمونە بوو و یەک ئامانجی هەبوو. دوودڵ نەبوو، 'نابێ'-ی نەدەزانی. ئارین تەنها بۆ تێکبردنی داعش چالاکی فەدایی ئەنجام نەدا، لەهەمان کاتدا بۆ ئەوە بوو دەنگی ژنی ئازادو یەپەژە بدات بەگوێی جیهاندا. ئارین ئامانجی خۆی پێکهێناو سەرنجی تەواوی جیهانی بۆ بەرخۆدانی کۆبانێ ڕاکێشا. دانگدانەوەی چالاکیەکەی بووە هۆی ئەوەی تەواوی جیهان لەدەوری کۆبانێ کۆببنەوە. هەڤاڵ ڕێڤانیش خاوەنی چالاکیەکی مەزنە. من سەری ڕێز بۆ ئەوان دادەنەوێنم. ئەو ڕۆژەی کە مشتەنور ئازاد کرا، لەهەموو لایەکەوە تەلەفۆنمان بۆ دەکرا کە لەسەر مشتەنور ئاگر بکەینەوە، هیچمان لەلا نەبوو بۆیە تراکتۆرێکمان سوتاندو مشتەنورمان ڕووناک کردەوە. ئەوە ڕۆژی سەرکەوتنی ئارین میرکان و هەموو هەڤاڵانی شەهید بوو."
"ئارین پێشەنگایەتی بەرخۆدانی هەبوون و نەبوونی کرد"
سۆرخوین کۆبانی، فەرماندەی یەپەژەی کۆبانێ باسی لەوە کرد کە ئەو لە شەڕی کۆبانێدا لەگەڵ ئارین بووەو لەهەمان بەرەدا شەڕی کردووە. سۆرخوین سەرەتا ئارینی بەبیر هێنایەوەو بەم شێووەیە قسەی کرد :"سەری خۆم بۆ هەموو شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنم. ئێستاش کاتێ مرۆڤ دەچێتە ئەو شوێنانەی بەرخۆدانیان تێدا کراوە هەستێکی جیاوزی دەبیت، دەنگی منداڵان و ژیانی دوبارە مرۆڤ خۆشحاڵ دەکات. بەڵام لەسەر هەموو دیواری شار خوێنی شەهیدان هەیە. هەڤاڵ ئارین میرکان لەو ڕۆژەدا پێشەنگایەتی شۆڕشی کرد، پێشەنگایەتی بەرخۆدانی هەبوون و نەبوونی گەلی کوردی کردو بەردەوامی بە هێڵی زیلان و بێریتان دا. لەهەر کات و سەردەمێکدا کە گەلی کورد ڕوو بەڕووی لەناوچوون بووەتەوە قارەمانێک دەردەکەوێت، لە دوژمن دەدات و دوژمن بۆ دواوە دەگەڕێنێتەوە، ئارین یەکێک لەو قارەمانانەیە."
"بەرامبەر بە چەکی قورس ئێمە بە ئیرادەی خۆمان شەڕمان کرد"
سۆرخوین بەم شێوەیە باسی چالاکیە فەداییەکەی ئارین میرکانی کرد :"دوژمن بە چەکی هەرە مۆدێرن و قورس پەلاماریان داین و شەڕیان دەکرد. هەڤاڵ ئارین بە چەکی کڵاشینکۆف و دوو بۆمبا چالاکی فەدایی ئەنجام دا. چالاکیەکەی هەڤاڵ ئارین زۆر بە واتایە. لەبەر ئەوەی چەتەکانی داعش لە شەنگال هێرشیان کردە سەر ژنان و لەبازاڕی کۆیلەکاندا فرۆشتنیان. بەڵام لەکۆبانی بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ژنانی فەدایی هاتنە پێش و هێرشی چەتەکانیان تێک دا. سەرچاوەی هێزی بەرخۆدانی کۆبانێ کەسایەتی هەڤاڵانی ژن بوو. هیوای شەڕوانان لەشەڕدا سەرکەوت. هەر هەڤاڵێک ئاڵایەکی یەپەگە-ئەپەژەی لەگیرفانیدا هەڵگرتبوو بەهیوای هەڵکردنی ئەو ئاڵایە شەڕیان دەکرد. خەونی ئەوان ئازادی کۆبانێ بوو، ئەوەش پێک هات."
"هەموو ساڵێک واتای چالاکیەکە زیاتر دەبێت"
یەکێکی تر لە شەڕوانانی یەپەژە بەناوی چیچەک دۆلی ڕایگەیاند کە چالاکی ئارین زۆر پیرۆزەو وەها بەردەوام بوو :"هەموو ساڵێک واتای چالاکیەکە زیاتر دەبێت. لەناو ئەم کۆڵانانەی کۆبانێدا چەتەکانی داعش بەهەموو هێزی خۆیان و چەکە قورسەکانیانەوە هێرشی ئێمەیان دەکرد. دەوڵەتی تورکیش پشتگیری دەدایە چەتەکان، لەپاڵ ئەوەشدا هیوای زۆر کەسێک شکابوو دەیانوت 'کۆبانێ دەکەوێت'، ئارین بەم چالاکیە ئەو قسەیەی پوچ کردەوەو بەرخۆدانێکی مێژوویی ئەنجامدا. خەونی ئارین گەڕانەوەی دووبارەی خەڵکی کۆبانێ بوو. ئارین بەچاوی خۆی هەژاری و کۆچبەری خەڵکی کۆبانێی بینی. ئەو ئازاری زۆری بەوە چێشتبوو لەبیری نەدەکرد. تەنیا خواستی ئەوە بوو کە جارێکی تر ئەو خەڵکە بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان و هەر بۆ ئەوەش گیانی خۆی کردە قوربانی. چالاکی ئارین بووە میراسێکی بە نرخ بۆ هەموو ژنان، چەندین ژن لەدوای ئەو چالاکیەی ئارین بەشداری یەپەژە بوون. هەروەها چالاکیەکەی ئارین بۆ ژنانی کۆبانێش گۆڕانکاری گەورەی هێنایە ئاراوە، لێرە زیهنیەتی پیاوسالاری سەروەر بوو. دوای چالاکیەکەی ئارین گەلی کۆبانێ گەڕانەوەو قۆناغێکی نوێی ژیانیان دەستپێکردو لە هێڵی هەڤاڵ ئارین و ئەو ژنە قارەمانانەی لێرە شەهید بوون ڕۆشناییەک داگیرساوە."
(ش ب)