کۆنگرەی ستار کۆمەڵکوژی حەسەکەی ئیدانە کرد

18:01

ژنها

ناوەندی هەواڵ- کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار رایگەیاند، کە کۆمەڵکوژی حەسەکە دژی پێکهاتەکانی رۆژئاوا و باکوری سوریایە و داوای لە هەمووی ژنان کرد، کە پشتگیری شۆڕشی رۆژئاوا بکەن و تۆلەی شەهیدان و بریندارانی ئەو کۆمەڵکوژیە بکەنەوە.

لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە هاتووە، کە چەتەکانی داعش شەوی رابردوو هێرشێکی دڕندانەی دژی خەڵکی مەدەنی حەسەکە ئەنجامدا، لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان و دەیان کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، ئەوە یەکەم هێرش نیە بۆ سەر حەسەکە و بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دوژمنی خوێنخۆر هێرشی لەم چەشنەی زۆر کردوەتە سەر خەڵکی مەدەنی.

کۆنگرەی ستار ڕایگەیاند:"گەلی ئێمە بە فیداکاری و تێکۆشان سیستەمێکی جێگرەوەیان دژی هەموو سیستەمە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە پێکهێناوە، بۆیە بەردەوام دەکرێنە ئامانجی هێرشەکانی دوژمنان، کۆمەڵکوژی حەسەکە دژی هەمو پێکهاتەکانی رۆژئاواو باکوری سوریا ئەنجامدرا، چەتە خوێنخۆرەکان هیچ ڕیزێک لە مرۆڤایەتی و رۆژە پیرۆزەکان و تەنانەت مەراسیمە ئایینیەکانیش ناگرن، ئەو کردەوانەی ئەوان لە هیچ باوەڕێکدا ناگونجێت".

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە هەر وەک چۆن چەتەکان بە پشتگیری دەوڵەتی تورکیا لە دیلۆک کۆمەڵکوژیان پێکهێنا، ئەمڕۆش لە رۆژئاوا و باکوری سوریا هێرشێکی بەو شێوەیەیان ئەنجامدا، ئێستا ئیدی دۆست و دوژمن دەزانن دەوڵەتی ئاکەپە پشتگیری چەتەکانی داعش دەکات.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا کۆنگرە ستار دەڵێت: ئێمە جارێکیتر هێرشی چەتەکانی داعش و هاوپەیمانەکانیان بۆ سەر خەڵکی حەسەکە شەرمەزار دەکەین و سەرەخۆشی لە خێزانی قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژیە دەکەین، داواش لە هەموو ژنان دەکەین، کە پشتگیری شۆڕشی رۆژئاوا بکەن، ئێمە سوێندی تۆڵەسەندنەوەی شەهیدان لە بکوژەکان و سوێندی تێکۆشان دژی مێشکی دەسەڵاتداری دووبارە دەکەینەوە.

(ش ب)