خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی کامپی مەخمور دژ بە گوشارەکانی 'پەدەکە'

19:01

ژنها

هەولێر - هاوڵاتیانی کامپی مەخمور ناسراو بە کامپی (شەهید رۆستەم جودی) دژی قەدەغەکردنی هاتووچۆکردنیان بۆ هەولێر و فشارەکانی پەدەکە، لە بەرامبەر خاڵی پشکنینی ئاسایشی هەولێر خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا.

هاوڵاتیانی کامپی شەهید روستەم جودی لە بەرامبەری خاڵی پشکنینی ئاسایشی هەولێر دەستیان بە چالاکی دانیشتن کرد، دوای چەندین کاتژمێر وتەبێژی وەزارەتی کاروباری ناوەخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێک کە پێکهاتبوون لە وتەبێژانی هاوڵاتیانی کامپی مەخمور کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر ١٩ خاڵ تاوتوێکرا، هاوکات بۆ چارەسەر کردنی ئەو گەمارۆیەی سەر مەخمور و قەدەغە کردنی سەر کامپەکە بڕیارە شاندی مەخمور سبەی جارێکیتر چاویان بکەوێت بە شاندێکی وەزارەتی ناوەخۆی هەرێم.

جێگەی ئاماژەیە کە خۆپیشاندەران لە کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی تا ٤ی ئێوارە ڕێگای هاتوچۆیان داخست بۆ سەرنج ڕاکێشانە سەر دۆخی کامپەکە و لە ئەنجامدا دەروازەی گفتوگۆکردنی لەسەر پرسەکان کردەوە.

کامپی پەنابەرانی مەخمور کە بەکامپی شەھید ڕۆستەم جودی ناسراوە دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی شارۆچکەی مەخمورە وە لەساڵی ١٩٩٨ەوە دروستکراوەو نزیکەی ١٣ ھەزار پەنابەری باکوری کوردستانی تێدا نیشتەجێیە.

ماوەی زیاتر لە ١٠ رۆژە هێزەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان( پەدەکە) فشارەکانی بۆ سەر ئەو کامپە زیاد کردوە و هاوکات ڕێگری دەکات لەو کرێکارانەی لە هەولێر و دەوروبەری کار دەکەن.

(ش ب)