"هێرشی حەسەکە دژ بە مرۆڤایەتی بوو"

09:35

بەرچەم عەبدوڵقادر / ژنها

کۆبانێ – مامۆستایانی ژن لە کانتۆنی کۆبانێ، کۆمەڵکوژی حەسەکەیان ئیدانە کرد و ڕایانگەیاند، رێبازی شەڕی داعش دژی مرۆڤایەتیە، چونکە منداڵان لە شەڕ و هێرشە خۆکوژیەکاندا بەکار دێنێت.

لە هێرشە خوێناویەکەی ٣ی ئەم مانگەدا بۆ سەر ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە سەر ڕێگای حەسەکە و قامیشلۆ ٣٤ کەس گیانیان لە دەستدا و بە دەیان کەسیش بریندار بوون، مامۆستایانی کانتۆنی کۆبانێ لەسەر کۆمەڵکوژیەکە بۆ ئاژانسەکەمان دوان.

مامۆستا لەیلا مسۆ، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "هێرشەکە بە منداڵێک ئەنجامدراوە، ئەوە هێرشێکە دژی مرۆڤایەتی، هاوخەمی خۆمان بۆ هاوڵاتانی حەسەکە و کەسوکاری قوربانیان ڕادەگەیەن، لە دژی ئەو هێرشانە گەلی ڕۆژئاوا زیاتر خۆی بە ڕێکخستن و بە هێز دەکات، ئیرادە و ورەمان بەو جۆرە هێرشە دڕندانە ناڕوخێت، بە پێچەوانەوە ئێمە زیاتر پێویستی بە تێکۆشان دەبینین."

هاوکات مامۆستا شیرین ئیسماعیل بەرێوەبەری خوێندنگەکانی کۆبانێ، وتی: "ئێمە وەک مامۆستایانی کۆبانێ دژی بە کارهێنانی منداڵان لە هێرشە خۆکوژیەکان خاوەن هەڵوێستین و بە کارێکی دوو لە ئەخڵاق و ویژدانە. ئەو منداڵە دەبوایە لە خوێندگە بیخوێندبوا نەک بتەقێنرابایەوە، بەڵام چەتەکانی داعش بە هەموو جۆرە شێوەیەک دژی هاوڵاتیانە، ئێمە بە هەموو شێوەیەک دژی ئەو هێرشانە دەوەستینەوە."

شیرین لە کۆتایشدا سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان کردو هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست.

(ش ب)