٨٠ بەڕێوەبەری خوێندنگاکانی سلێمانی: دەرگای خوێندن ناکەینەوە

09:37

ژنها

سلێمانی - به‌ڕێوه‌به‌ری‌ قوتابخانه‌كانی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، بڕیاریاندا ده‌رگای‌ خوێندنگه‌كانیان نه‌كرێته‌وه‌ تاوه‌كو داواكاریه‌كانی‌ مامۆستایان جێبه‌جێده‌كرێت.

دوێنێ سێشەمە، ٨٠ به‌رێوه‌به‌ری‌ قوتابخانه‌ بنه‌ڕه‌تی‌‌و ئاماده‌ییه‌كانی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌قوتابخانه‌ی‌ كرمانج-ی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ كۆبوونه‌وه‌، دوای‌ تاوتوێكردنی‌ پرسی‌ بایكۆت‌و داواكارییه‌كان مامۆستایان ئه‌نجومه‌نێكی‌ نوێنه‌رایه‌تیكردنیان له‌پێنج كه‌س پێكهێنا.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌ له‌قوتابخانه‌كانی‌ سنوری‌ هه‌ردوو پارێزگای‌ هه‌ولێر‌و دهۆك زه‌نگی‌ ساڵی‌ نوێی‌ خوێندن لێدرا، به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ تره‌وه‌ كه‌ له‌سه‌رشه‌قام گردبوونه‌وه‌‌و زه‌نگی‌ بابكۆتیان لێدا.

مامۆستایانی‌ ناڕازی‌ تائێستا چه‌ندین جار گردبوونه‌وه‌‌و خۆپیشاندانی‌ ناڕه‌زاییان ئه‌نجامداوه‌، هه‌رچه‌نده‌ داواكارییه‌كانیان گه‌یه‌ندرایه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حكومه‌ت به‌ڵام ئه‌وان ئاماده‌نین ته‌نیا به‌به‌ڵێن بایكۆت بشكێنن‌و سورن له‌سه‌رئه‌وه‌ی‌، داواكاریه‌كانیان جێبه‌جێبكرێت.

تائێستا له‌سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، هه‌ڵه‌بجه‌، ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان، راپه‌ڕین‌و كۆیه‌ وه‌زری‌ نوێی‌ خوێندنی‌ ئه‌مساڵ (٢٠١٦-٢٠١٧) ده‌ستی‌ پێنه‌كردوه‌ به‌هۆی‌ بایكۆتی‌ مامۆستایانه‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانی‌ سلێمانی‌ داواكارن پێداچونه‌وه‌ به‌پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌كانیان بكرێت‌و موچه‌ی‌ مانگی‌ هه‌شتی‌ ئه‌مساڵیشیان بۆ خه‌رج بكرێت، له‌گه‌ڵدا پێدانی‌ ته‌واوی‌ شایسته‌ دارایه‌كانی‌ مامۆستایان.

(ش ب)