پلاتفۆرمی ژنانی ئێزیدی لە باشوری کوردستانن

20:26

ژنها

سلێمانی - شاندێک لە ئەندامی پلاتفۆرمی ژنانی ئێزیدی شاری مێردین-ی باکوری کوردستان سەردانی باشوری کوردستانیان کرد و سەبارەت بە پشتگیریکردنی ژنانی ئێزدی و داوایان کرد، کە تاوانی شەنگال بە کۆمەڵکوژ بناسرێت و بکەرانی ئەو تاوانەش بدرێنە دادگا.


پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندێکی پلاتفۆرمی ژنانی ئێزیدی لە شاری مێردین-ی باکوری کوردستان هاتنە سلێمانی و لەگەڵ کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان کۆبونەوە .


لەیلا فەرمان، ئەندامی کوردیناسیۆنی پلاتفۆرمەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئێمە هاتینە سلێمانی بۆ دەربڕینی پشتگیری بۆ ژنانی ئێزدی، وەک دیارە بە هەزاران ژن لە ژێر دەستی داعشدا ماون و دەچەوسێنرێنەوە و دەفرۆشرێن و وەک دیل مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، لە ئێستاشدا لەلایەن گروپی تیرۆرستی داعشەوە دەچەوسێنرێنەوە.
 

لەیلا فەرمان، وتیشی: پشتگیری لە ژنانی ئێزدی دەکەین، لە ڕووی تەندروستی و یاسایی و کۆمەڵایەتیەوە، ئەو ژنانەی کە لە ژێر دەستی داعشدا ماون و ئەو ژنانەش کە ڕزگاریان بووە، چونکە ئەو ژنانەی کە لە ژێر دەستی داعش ڕزگاریان بووە لە حاڵەتێکی دەروونیدان و گۆشەگیرن، دەبێت بیانهێنینەوە ناو کۆمەڵگا.


ناوبراو، باسی لەوەشکرد: هەوڵدەدەین کە کەیسی ژنانی ئێزدی و کۆمەڵکوژی شەنگالیەکان بە رای نێودەوڵەتی بگەیەنین و ئەو تاوانانە بە کۆمەڵکوژ بناسرێت، وە ئەو کەسانەی کە دەستیان هەبوو لەو تاوانەدا بدرێنە دادگا و بە سزا بگەیەنرێن.


ئاماژەی بەوەشدا:" بانگەوازی دەکەین لە ژنانی باشوری کوردستان کە پشتگیری بکەن و هەوڵبدەن تاوەکو تاوانی شەنگال و ئێزیدیەکان بە کۆمەڵکوژ بناسرێت ". وتیشی: "پشتگیری لە ژنانی شەنگال بکەن کە ئەنجومەنێکیان دامەزراندووە و بەرخودان دەکەن و ڕێزمان بۆ تێکۆشانیان هەیە کە خۆیان بە ڕێکخستن دەکەن.

(ش ب)