"ئامانجی تەقینەوەی حەسەکە تێکدانی برایەتی گەلان بوو"

09:49

عەبیر ئەحمەد- لاڤا سیراج / ژنها

حەسەکە – هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل لە حەسەکە ڕادەگەیەنێت، ئامانج لە هێرشە خۆکوژیەکەی سەر حەسەکە تێکدانی برایەتی گەلانە.

یەسرا ئەلیاس هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل لە شاری حەسەکە سەبارەت بە هێرشە خۆکوژیەکەی شاری حەسەکە بۆ ئاژانسەکەمان دوا، ناوبراو سەرەتا سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست.

یەسرا وتی: "دۆخی شاری حەسەکە زۆر تایبەتە، چونکە هەموو پێکهاتەکان بەیەکەوە دەژین، لێرە پڕۆژەی برایەتی و پێکەوە ژیان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هێزە تاریکپەرستەکان بە پلانە چەپەڵەکانیان دەیانەوێت یەکگرتووی گەلان تێکبدەن، بۆیە بە شێوەیەکی ترسنۆکانە هێرش دەکەنە سەر هاوڵاتیان، دەیانەوێت ترس و تۆقاندن بسەپێنن و هاوڵاتیان دووچاری کۆچبەر بوون بکەنەوە."

یەسرا ئاماژەی بەوەشدا کە سیستەمی دەسەڵاتداری لە ترسی بونیادنانی ستاتۆی گەلان هەرچیەکی لە دەست بێت دەیکات، وتیشی: "یەکێتی گەلان دژ بە بەرژەوەندی چەتەکانە، لە شاری حەسەکە خەباتەکانی دامەزراندنی سیستەمی فیدارالیەت بایەخی زۆریان پێدەدرێت ، هەنگاوی باش نراوە، ئەگەرێکی زۆر هەیە دەستی ڕژێمی بەعسیشی تیا بێت، چونکە ئەوان چاویان بە دەسکەوتەکانی ڕۆژئاوا بە گشتی و بەتایبەت قامیشلۆ و حەسەکە هەڵنایەت."

یەسرا ئەلیاس هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل لە شاری حەسەکە، لە کۆتایشدا بانگەوازی هۆشیاری کرد و ڕایگەیاند: "بە قۆناغێکی زۆر گرنگ و هەستیار تێپەڕ دەبین بۆیە بانگەوازی لەگەلەکەمان دەکەین کە بە گوێرەی ڕێنمایەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوا بجوڵێنەوە. هەرچیەک دەبێت با ببێت، نابێت لە زەمینێکی ناپارێزراودا لە یەکتری کۆببینەوە. دوژمنەکانمان زۆرن، بۆیە بانگەوازی تێکۆشان دەکەین بۆ سڕینەوەیان لە سەر مێژووی ئەو خاکە."

(ش ب)