کامپی مەخمور، سمینارێک لە سەر پلانگێری ٩ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو

10:25

ژنها

هەولێر - لە کامپی مەخموور ناسراو بە کامپی(شەهید ڕوستەم)، بەبۆنەی ١٨یەمین ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکە، سمینارێک بەڕێوەچوو.

دوێنێ لە کامپی مەخموور ناسراو بە (کامپی شەهید ڕۆستەم جودی) بەبۆنەی ١٨یەمین ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی کە لە ٩ی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٨دا دژی عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری پەکەکە، دەستیپێکرد سمینارێک بەڕێوەچوو، سمینارەکە لەلایەن رێکخراوی خێزانی شەهیدان و بەبەشداری سەدان هاوڵاتی کامپەکە بەڕێوەچوو.

لە سمینارەکەدا بە سەدان لە هاوڵاتیانی کامپەکە بەشداریان کرد.

سمینار بەخولەکێک رێزگرتن بۆ گیانبەختکردوانی تێکۆشانی ئازادی دەستیپێکرد، پاشان مامۆستا خەلیل بیلەن قسەی کرد و وتی، کە ژمارەیەکی زۆر لە دەوڵەتانی جیهان بۆ یەکەم جار لە دەوری یەک کۆبوونەوە و لەم بارەیەوە راوێژ و هاوبیریان کرد، ئەوان بۆ بەڕێوەبردنی پلانگێری دژی عەبدوڵا ئۆجالان لەدەوری یەک کۆبوونەوە، بیر بکەنەوە کە فڕۆکەیەک چەندین کاتژمێر بە ئاسمانەوە بێت و هیچ وڵاتێک رێگای نیشتنەوەی پێنەدات، لەبەر ئەو کەسەی لەناو فڕۆکەکەدایە، هێزە نێودەوڵەتیەکان ئەو پیلانگێڕیەیان دژی عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدا بۆ ئەوەی بزوتنەوەی ئازادی لاواز بکەن.

خەلیل بیلەن باسی لە بەرخۆدانی ئۆجالان لە ئیمرالیش کرد و وتی:"بەڵام رێبەر ئاپۆ ئەو پیلانگێڕیەی پوچەڵکردەوە، رێبەر ئاپۆ زیندانی ئیمرالی کرد بە شوێنی بەرخۆدان، پاش ٥٠ ساڵ، ١٠٠ ساڵی دیکەش باس لەو بەرخۆدانە دەکرێت، بەرخۆدانی رێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمرالی لاپەڕەیەکی مێژوویی بۆ ئێمە دەکاتەوە و هەمووان وەک چیرۆک باسی دەکەین کە چۆن رێبەر ئاپۆ پیلانگێڕی ئەوانی گۆڕی بە بەرخۆدانی خۆی".

مامۆستا خەلیل لە کۆتایی قسەکانیدا وتی، ئەوەی ئێستا ئەرکی سەر شانی ئێمەیە، ئەوەیە کە لەدەوری رێبەر ئۆجالان کۆببینەوە و پێی بڵێین هەموو پیلانگێڕیەکان پوچەڵدەکەینەوە، پێویستە خەڵکی کوردستان بەبەرخۆدان پیلانگێڕیەکان پوچەڵ بکنەوە و ئۆجالان ئازاد بکەن.

سمینارەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی "بێ سەرۆک ژیان نابێت" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی هات.

(ش ب)