تامەزرۆیی ژیان لە ئاسۆی چاوی منداڵانی مەخموردا
13:13
شەنگار برادۆست/ ژنها
هەولێر - چاوی منداڵان هەمیشە ئاسۆی ژیانێکی گەشی تیا دەبینرێت، هیچ گەمارۆ، هەڕەشە و هێرشێک نەیتوانیەوە ئاسۆی چاویان کز بکات، هەمیشە شاد و دڵخۆشن.
سەرەڕای هەلومەرجی کۆچبەری و ژیانی سەخت، بەڵام خەندەی سەر لێوی منداڵانی کامپی پەنابەرانی مەخمور نەبڕاوەتەوە، چاوەڕوانی ڕۆژی ئازادی خۆیانن. ئەوان چەندین جار کۆچبەر بوون، ڕووبەڕووی مەرگ بوونەوە، زۆربەیان لەناو خێوەتگاکان، لەسەر ڕێگا و لە ژیانی هەژاری چاویان بە ژیان هەڵێناوە، ئەوان زۆر هەواریان گۆڕی تا توانیان ئارامگەیەک بونیادبنێن و ژیانی خۆیان بگوزرەێنن.
ئەو وێنەیە هی دووخوشکی دوانەیە لەناو کۆڵانە تۆزاویەکانی ئەو وارگەیە خەریکی یاری کردن بوون، بەڵام هەر کە چاوی کامێرایان دەبینی پەنجەکانیان بەرزدەکردەوە کە سمبۆلی سەرکەوتنە. منداڵان بە بێ گوێدانە خەمی گەورەکان و سیاسەتی ئابڵۆقە و کۆچبەری ئەوان بە هیوای گەشەوە لە ژیان دەڕوانن.
دەخوێنن بە زمانی خۆیان بۆیە زوو فێری قسەکردن دەبن و کە گەورەش دەبن هەر بەو زمانە قسە دەکەن. دایک و باوکانی ئەو کامپە زۆربەیان ڕۆڵەی شەهید و شەرڤانیان هەیە لەناو بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردیدا، بۆیە منداڵەکانیش وەک ڕۆڵەی شۆڕش و ئایندەی وڵات لە خۆیان دەڕوانن. بەو هەست و نەستەش گەشە دەکەن و باڵا دەگرن.
(ش ب)