لە ڕۆژئاوای کوردستان خەباتی هاوبەشی چوار خوشک بە نمونە

11:10

ڕۆنیدا حاجی / ژنها

تل تەمەر – لە شارۆچکەی تل تەمەر لە ڕۆژئاوای کوردستان، چوار خوشک بە هاوکاری یەکتری بەرهەمەکانیان کۆدەکەنەوەو لە بازاڕ دەیفرۆشن ئەو خوشکانە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئامادەکاری بۆ ڕواندنی سەوزەی زستانەش دەکەن.

لە گوندی خێبشی سەر بە شارۆچکەی تل تەمەر سەر بە کانتۆنی جزیرە، چوار خوشک دە دۆنم زەوی کشتوکاڵیان ڕواندەوە. ئەو خوشکانە بە بێ ئەوەی چاوەڕوانی هاوکاری کەسیتر بکەن، بە هاوکاری و هەروەزی کارەکانیان ڕادەپەرێنن.

مەنال سعود، یەکێک لەو خوشکانەیە ئاماژەی بەوەدا کە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن، ناوبراو وتیشی: "ئێمە چوار خوشک لەو زەویەدا کار دەکەین، لە وەرزی هاویندا تەماتە، باینجان، بامیە، بیبەر و زۆرێک لە سەوزەواتمان ڕواند، ئێستاش خەریکی کۆکردنەوەی دواین بەرهەمی ساڵین."

مەنال باسی لەوە کرد کە ئەوان هەمان زەوی بۆ وەرزی زستانیش دەڕوێنن و لە ئامادەکاری دان بۆ ڕوواندنی سەوزە زستانیەکان و بەو شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا: "لە وەرزی زستاندا زیاتر ئەو جۆرە سەوزانە دەڕوێنین کە بەرگەی سەرما و سۆڵ دەگرن، وەک کولەکە، خەیار، شوتی، کاڵەک و هتد."

مەنال لە کۆتایشدا بانگەوازی لەسەرجەم گەلانی ڕۆژئاوا کرد کە زیاتر گرنگی بە خاک بدەن و کار بکەن بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ.

(ش ب٩(