لە ڕۆژئاوا گوندێکی ژنان دەکرێتەوە
11:29
جڤین گرباوی/ ژنها
قامیشلۆ - وەقفی ژنانی ئازاد لە ڕۆژئاوای کورستان، یەکێک لە دامەزراوە سەرەکیەکانی ژنانە کە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە پێشخستنی ژنان، لە ئەنجامی خەباتی دووساڵاندا وێڕای چەندین پڕۆژەی ستراتیژی بۆ ژنان، توانیویانە پڕۆژەی گوندی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان پێشبخەن.
وەقفی ژنانی ئازاد لە شاری قامیشلۆی کانتۆنی جزیرەیە، لە ٥ی ئەیلولی ٢٠١٤ دامەزراوە، ڕێوەبەر و ئەندامانی ئەو دەزگایە لە سەر کاروخەباتەکانیان لەماوەی دوو ساڵ بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد.
ئاخین ئامەد، بەڕێوەبەری ئەو دەزگایە ئاماژەی بەوە دا کە ئەو کارەی ئەوان بەڕێوەی دەبەن، بەشێکە لە خەباتەکانی بونیادنانەوەی ڕۆژئاوای کوردستان، ناوبراو وتیشی: "لە ڕۆژئاوای کوردستان چەنین دەزگا و دامەزراوەی ژنان وەک؛ ماڵی ژنان، ڕێکخراوی سارا، ئەنجومەنی ژنان، کۆنگرەی ستار و ...هتد هەن. هەموویان کار بۆ برەو دان بە توانا و هێزی ژنان کار دەکەن، هاوکات پێشەنگی بەشداری ژنان دەکەن لە هەموو کایەکانی کۆمەڵگادا."
ئاخین جەختیشی کردەوە: "وەقفی ژنانی ئازاد زیاتر لەسەر پێویستی بوونی دەزگایەکی کۆمەڵایەتی دامەزرا، لەسەر ڕۆڵ و ئەرکی ئەو دامەزراوەیەش بیرۆکە و ڕوانینین خەڵک بە هەند وەرگیراوە. لە ژێر چەتی وەقف، خەباتەکانی تەندروستی، پەروەردە، راگەیاندن، ئابوری، ئەرشیف، لەگەڵ چەند کۆمیەتەیەک بۆ ناساندنی مافەکانی ژنان."
ئاخین ئامەد، لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە لە هەردوو کانتۆنی کۆبانێ و عەفرین لقیان هەیە و بەشێوەیەکی چالاک کار دەکەن. وتیشی: لە کانتۆنی کۆبانێ بەتایبەت کار دەکرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی دوای شەڕ، بۆ نمونە لە بەدواداچوونێکماندا دەرکەوتوە کە ٨٧٩ منداڵی بێکەس ماونەتەوە، بە گوێرەی پێویستی ئەمەش پڕۆژەیەکمان بۆ پەروەردەو پێگەیاندنی ئەو منداڵانە کردەوە. هەروەها چەندین خولی فێرکاریمان کردۆتەوە لە بوارەکانی تەندروستی، پیشەیی و پەروەردەیی."
ئاخین ئامەد بەڕێوەبەری وەقفی ژنانی ئازاد سەبارەت بە پڕۆژەکانیان بۆ ساڵی ئایندە ڕایگەیاند: "لە پڕۆژەکانی ساڵی ئایندەماندا کردنەوەی گوندێکی ژنان هەیە، لەو گوندەدا ژنان سەرپەرشتی هەموو کارەکانیان دەکەن، خاوەنداری لە ژیان دەکەن، لەو گوندەدا ئەو ژنانە دەژین کە ژیانیان بەو شێوەیە هەڵبژاردوە، ژیانێکی چارەسەر ساز بونیاد دەنرێت و برەو بە ئابوری خۆماڵی دەدرێت. هەروەها پرۆژەمان هەیە بۆ بونیادنانی پارکێکی ژنان. لە کانتۆنی کۆبانێش پڕۆژەیەکمان هەیە بۆ بەخێو کردنی منداڵانی بێکەس."
هەروەها حەنا عەلی، ئەندامێکیتری بەڕێوەبەری وەقفی ژنانی ئازاد و لەسەر خەباتی منداڵان ڕادەوەستێت، ناوبراو لەو باریەوە وتی: "لە هەموو گەڕەکەکانی ناو شاری قامیشلۆ و شاری دێرک باخچەی منداڵانمان دروست کردوە، وەرزشی بەیانیان، پەروەردەی زمانیان فێر دەکەین، هەروەها فێری کەلتوری ڕەسەنی کوردیان دەکەین، بەو شێوەیە دەمانەوێت منداڵانمان لەو ئازارە سەختانە دوورخەینەوە کە لە ئەنجامی شەڕی قورسی سەر ناوچەکە چێشتویانە."
لای خۆشیەوە بوشرا یوسف، بەڕێوەبەری یەکێک لە باخچەکانی منداڵان لە گەڕەکی غەربی لە شاری قامیشلۆ وتی: "بەیانی کاتژمێر ٠٧:٣٠تا٠٠ :١٢باخچەی منداڵان دەکەینەوە، لێرە فێری زۆر شتیان دەکەین، وەک ژمارەی کوردی، پیتی کوردی، یاری جۆراوجۆر، وەرزش و چەندین بەهرەیان دەکەین، خواردنیان بۆ ئامادە دەکەین، دەمانەوێت هاوکاریان بکەین لە رووی مادی و مەعنەویەوە."
لە کۆتایشدا بەسنا یوسف، سەرپەرشتیاری ژووری فێرکاری تەندروستی لە شاری قامیشلۆ سەرنجی راکێشایە سەر کاروخەباتەکانیان لە بوارەکانی تەندروستی و بەو شێوەیە بەردەوام بوو: "ماوەی حەوت مانگە ئەو ژوورە کراوەتەوە، لێرە دکتۆری ژنان، منداڵان، نەخۆشیەکانی دڵ و هەناومان هەیە، بە شێوەیەکی هاوبەش لە گەڵ وەقفی ژنانی ئازاد کارەکانمان بەرێوەدەبەین. زیاتر لە رووی تەندروستیەوە هاوکاری هاوڵاتیان دەکەین. هەوڵ دەدەین لە سالی ئایندەدا خەباتی زیاتر لە ڕووی پێشخستنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست بکەین."
(ش ب)