تارا حوسێن: پشتیوانی پڕۆژەی هەدەپە بۆ باشوری کوردستان دەکەین
15:23
ژنها
هەولێر - تاراحسێن وتەبێژی تەڤگەری ئازاد ڕایگەیاند: ئەوان پشتیوانی ئەو پڕۆژەیە دەکەن کە پارتی گەلانی دیمورکرات(هەدەپە) پێشەکەش بە لایەنەکانی باشوری کوردستانی کردوە.
تاراحسێن وتەبێژی تەڤگەری ئازادی لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەی ئەمڕۆ کە لە هۆتێل چوارچرای شاری هەولێر بەسترا ڕایگەیاند، بۆ دوو مژار ئەو كۆنگرەیەمان ڕێكخستووە كە یەكێكیان تایبەتە بە ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ و دووەمیش بە فەرمی وەڵامی ئەو پێشنیارەی هەدەپە دەدەینەوە كەپێشتر ئاراستەی كردبوو.
وتیشی:"ئەمڕۆ ساڵێك تێپەر دەبێت بەسەر پەكخستنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، كە بەداخەوە دەبوایە ئێمە ئەو پڕۆژە و پێشنیارانەی خۆمان ئاراستەی ئەوان بكردایە".
ئاماژەشیدا:"كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ نزیك بوەتەوەو پێویستە وەك كورد بتوانین پێگەمان بەهێزتر بكەین و وابكەین لەئاستی نێودەوڵەتی هێزی زیاترمان هەبێت".
ڕاشیگەیاند:"بەگرنگی دەزانین لە چوارچێوەی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ هێزە كوردیەكان لە هەر چواربەشی كوردستان بە پێشمەرگە و گەریلا و شەرڤان و یەبەشەوە بتوانن لەچوارچێوەی فەرماندەیەكی هاوبەشدا بەشداری شەڕی موسل بكەن".
تارا ئەوەشی وت:"پێویستە ئەو شوێنانەی رزگار دەكرێن لەلایەن كوردانەوە دواتر چۆڵنەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا جێگەی مەترسیەكی گەورەیە توركیا لەخاكی عێراقدا ماوەتەوەو توركیاو داعش جیاوازیەكی ئەو تۆیان نیە و لێدان لەداعش لێدانە لەتوركیا".
وتەبێژی تەڤگەری ئازادی هەر لەمیانی ئەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا ئاماژەی بەوەشدا:"داهاتووی موسڵ داهاتووی شەنگالە و چارەنوسی هەولێریش بەخۆیەوە گرێدەدات".
ئاشکراشیکرد:"پێشنیارمانكردووە كۆنفرانسێك بكرێت و لەوێ ڕێككەوتن و پڕۆژە هەبێت بۆ بەشداری هێزی كوردی لەشەڕی موسڵ، بوونی سوپای توركیا پێویستە لای لایەنەكان هێڵی سوربێت".
لە بارەی پڕۆژەكەی هەدەپە كە ئاراستەی لایەنە سیاسیەكانی باشوری كوردستانی كردبوو، ناوبراو وتی:"ئێمە پشتیوانی پڕۆژەكەی هەدەپە دەكەین".
جێگەی ئاماژەیە، لە كاتی بەڕێوەبردنی كۆنگرەکەدا ئاسایشی هەولێری سەر بە پەدەکە، پەلاماری کۆبونەوەکەی داو ڕۆژنامەنووسانی دوورخستەوەو لێكۆڵینەوەی لە وتەبێژەکەی تەڤگەری ئازادی کرد.
(ش ب)