یەکینەکانی ژنانی 'بەین نهرین' لە ڕۆژئاوای کورستان
09:58
زۆزان جودی/ ژنها
تربەسپیە – هێزەکانی ژنانی سریانی "بەین نەهرەین" سەربە ئەنجومەنی سەربازی سریانیەکان، لە پێناو بەرگریکردن لە ژنانی سریانی تێدەکۆشێت، یەکێک لە فەرماندەکانی ئەو هێزە ڕادەگەیەنێت، ئامانجیان بەرگریکردنە لە سەرجەم گەلانی ناوچەکە، بەتایبەتیش ژنان.
یەکینەکانی بەین ئەلنەهرین ناسراو بە هێزی ژنانی میزۆپۆتامیا، لە ژێر باڵی ئەنجومەنی سەربازی سریانیەکانی خۆی بەرێکخستن کردوە، لەسەر بنەمای هێڵی تێکۆشانی ئازادی ژنان، ئەو هێزە کە وەک هێزی سەربازی سریانیەکان ناسراوە ڕۆژبەڕۆژ لە بەرفراون بووندایە.
نیشا کوریە، یەکێک لە فەرماندەکانی ئەو هێزەیە، کە لەسەر بنەمای هێڵی ژنانی ئازاد دامەزراوە، نیشا ئاماژەی بەوەدا کە سێ ئەکادمیای پەروردەو فێرکردنیان هەیە لە شارەکانی دێرک، تربەسپی و حەسەکە. ناوبرا وتی: "ئەکادیمیای ئەسرۆ لە شارۆچکەی تربەسپیە ناوەندی سەرەکیە بۆ پەروەردەکردنی ژنانی سریانی. لەو ئەکادمیایانەدا ژنان لەسەر پاراستنی جەوهەری و چۆنێتی بەکارهێنانی چەک پەروەردە دەکرێن. ئامانجمان لە دامەزراندنی ئەو ئەکادمیایانە ئەوەیە بەرگری لەسەرجەم پێکهاتەکانی هەرێمەکە بکەین، هاوکات ڕێگە بۆ ژنان خۆش بکەین تا ڕۆڵی خۆیان لەناو کۆمەڵگادا بگێرن، بەتایبەتیش لە بەرگریکردن و بە ژیانی کردنی سیستەمی دیموکراسی لە هەرێمەکەدا."
نیشا، سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەوەی کە ئەوان لە دامەزراندنی هێزی ژنان ڕووبەڕووی زۆر و زەحمەتی زۆر بوونەتەوە و بەو شێوەیە بەردەوام بوو: "ئەقڵیەتی کۆنەپەرستی پیاوسالاری بەسەر کۆمەڵگاکەماندا زاڵ بوو، بۆیە لە بەرێکخستن کردنی ژنان ڕووبەڕووی زەحمەتی زۆر بووینەوە. چونکە پێشتر ژنانی سریانی چەکیان هەڵنەگرتوە، ئەمە بۆ کۆمەڵگاکەمان شتێکی تازە بوو، بەڵام بە خۆشبەختانە توانیومانە ئەو بەربەستانە بشکێنین. ئێستا ڕووانینی کۆمەڵگە لەسەر ژنان گۆڕاوە، باوەڕی بە ژن لە ئاستێک پەرەی سەندەوە کە دەتوانێت لە هەموو بەشەکانی ژیاندا خەبات بکات."
لە بەشێکیتری قسەکانیدا نیشا باسی لەوە کرد کە شانبەشانی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە بەرەکانی پێشەوە دا تێدەکۆشن.
هەروەها یەکێک لە شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی بەین نەهرەین بەناوی "نینۆڤا حەنا" باسی لەوە کرد کە ئەوان لە ئەکادمیاکاندا پەروەردەی سیاسی و سەربازی دەبینن و وتیشی: "لە سەرەتای دامەزراندنی هێزەکانی ژنانی سریانی بەشداریم کردوە لە خەباتەکانی پاراستنی ژنان، ئامانجمان پاراستنی ژنان و مافەکانمانە، پێشتر کۆمەڵگای دەسەڵاتدار ڕێگر بوو لەوەی ژنان بە ئازادی هەڵسوکەوت بکەن، بەڵام وەک دەبینین ئەمڕۆ ژنان لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕدا تێدەکۆشن، ئێستا بووین بە خاوەن ئیرادە، باوەڕی و هێزی خود."
(ش ب)