فینلەندا، ژنۆلۆژی ڕۆژەڤی ژنانە
15:03
ژنها
هەلسەنکی - لە هەلسەنکی پایتەختی فینلەندا بە سەرپەرشتی ڕێكخستنی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان KJAR پانێل و پەروەردەیەکی دوو ڕۆژە ڕێکخرا کە دەیان ژن کە زۆربەیان ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی نیشتەجێی هەردوو شاری هەلسەنکی و تورکوی فینلەندا بوون، بەشداریان تێدا کرد. بابەتی پانێڵ و پەروەردە دوو رۆژیەکە لەسەر مێژووی ژن، مێژووی تێکۆشانی ئازادی ژنی کورد، ژنۆلۆژی و کێشەکانی ئازادی ژن، پیاو و کۆمەڵگەی بوو. بابەتەکان لەلایەن نازێ ڤیان ئەندامی کۆمیتەی فینلەندای KJAR و ڕۆژنامەوان نەجیبە قەرەداغیەوە پێشکەش کران.
بابەتی مێژووی و ژن و ژنۆلۆژی جێی سەرنج و گفتوگۆیەکی فراوانی بەشداران بوو. ژنان بە زۆری پرسیاریان لەسەر ئەوە دەکرد کە چی بووە هۆکاری ئەوەی ژن لە مێژوودا پێگەی خۆی لە دەست بدات و ژنانی کورد چیان کرد بۆ ئەوەی ئەو پێگەیە بەدەست بێننەوە؟. تیشک خرایە سەر مێژووی نوسراو و نەنوسراو و ئاماژە بەوە کرا کە تێکۆشانی ئازادی ژنانی کورد بە کەڵک وەرگرتن لەو ئەزمونە مێژووییانە کە لە پێناوی ئازادی، یەکسانی و دادوەری بەرخودانیان کردووە، بەتایبەتی مێژووی ٢٠٠ ساڵەی دواییەی فێمینیزم و تێکۆشانی ٤٠ ساڵەی ئازادی ژنانی کورد سەرلەنوێ مێژوو دەنوسێتەوە.
بەشداران زیاتر پرسیاریان لەسەر مامەڵە و پەیوەندی نێوان ئەو ناهاوسەنگیە بوو کەلە نێوان ژن و پیاو دا هەیە و پیاوان پرسی ئازادی بە پرسی خۆیان نابینن و پێیان وایە کە ئازادن. هەروەها ئاماژە بەوەکرا کە هەڵوێستی کلاسیک و نەریتیانەی ژن و باوکسالاری و باڵادەستی پیاو تەگەرەی سەرەکین لەبەردەم ئازادی. لە پەروەردەکەدا بە چڕی لەسەر ئایدۆلۆژی ڕزگاری ژن و پرەنسیپەکانی کە دیدی و پارادایمی عەبدوڵا ئۆجالانی ڕێبەری پەکەکە ، ڕاوەستە کرا و جەخت لەسەر ئەو کرایەوە کە بۆ کارکردن لەسەر ئەو پرەنسیپانە و چەسپاندنی، پێویست بە پێشخستنی بواری ڕێکخستن و تێكۆشان و چالاکی هەیە. یەکێک لەو پێویستیە بە پەلانەی باس کرا لە کۆبونەوەکەدا چۆنێتی پەروەردەکردنی گەنجان و بە تایبەتی ئەوانەی لە نێو دوو کەلتوری کوردی و بیانی دا قەتیس دەبن، باس لە مەترسیەکانی بێخەمی کوردانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات کرا لە بواری خۆڕێكخستن کردن دا زیاتر جەخت لەسەر ڕۆڵی پێشەنگایەتی کرایەوە لەو کەموکوڕیەدا.
لەو پەروەردە دوو ڕۆژیەدا، قسە لەسەر پێویستی خۆرێكخستنکردنی ژنان بەشێوەیەکی خۆسەر کرا و وەک سەرچاوەی ئیلهام جەخت لەسەر گرنگی ئەزمونی شۆرشی رۆژئاڤا و بە گشتی چەمکی شۆرشی ژن لە نێو شۆرش دا کرا.
ژنان کە لە هەرچوار بەشی کوردستان، هەروەها ژنانی فێمینیستی تورک بەشدار بوون، داوایان کرد کە زانیاری زیاتر بە ژنان بدرێت نەک تەنیا بە ژنانی کورد بەڵکو بە ژنانی گەلانی دیکەش بە تایبەتی فینەلەندی. بۆ ئەوەش لە کۆتایی پەروەردەکەدا بیر و بۆچون ئالوگۆڕ کرا کە کۆمیتەی دیبلۆماسی ژن لەسەر بابەتی ژنۆلۆژی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ژنانی فینلەندی پەرە پێبدات و کۆبونەوە و کۆنفرانسی هاوبەش ڕێک بخرێت. بۆ ژنانی نیشتەجێی فینلەنداش داواکرا کە زیاتر پەرە بە پانێڵ و پەروەردە لەسەر بابەتە کۆمەڵایەتیەکان و ژن بدرێت.
(ش ب)