"تا بێدەنگ بین زیاتر دەچەوسێندرێینەوە"

10:18


پێنجوێن- مامۆستایەکی ژن ئاماژە بەوە دەکات کە تا هاودەنگی سەرتاسەری گەل بەرامبەر سیستەمی دەسەڵاتداری نەهێتە مەیدان ئەوا دەسەڵات سورە لە سەر سیستەمی سەرکوتکردن و چەوساندنەوەی ژنان.

مامۆستا خەندان لە شارۆچکەی پێنجوێنی باشوری کوردستان لە سەر ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، باس لەوە دەکات کە وەک مامۆستایانی ژن دووجار بوونەتە قوربانی و وتی: "من دەمەوێت وەک ژنێک ئاماژە بەوە بدەم کە لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەموو ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، هەرچەند باس لە کەمبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژی دەکرێت، بەڵام من لێرەوە ئەوە ڕەت دەکەمەوە، ناز، سرود و بە دەیان ژنیتر وەک ئەمانە بوونەتە قوربانی ئەو ئەقڵیەتەی کە باس لە نەبوونی توندوتیژی دەکات، کوا کەیس و بەدواداچوونەکانیان، باس لە چ مافێکی ژنان دەکرێت، چ یاسایەک؟.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کەئەوان لە سایەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، چەندین جار دەبنە قوربانی جەختیشی کردەوە: "ئێمەی مامۆستایان لە خراپترین دۆخی ژیان دەگوزەرێنین، بە هۆی ئەو سیاسەتەی بەڕێوەدەچێت، شیرازەی چەندین خێزان تێکچووە، کۆمەڵگا ڕووبەڕووی خراپترین دۆخی مێژووی خۆی بۆتەوە. هۆکاری هەموو ناهەمواریەکان حکومەت و دەسەڵات خۆی لێی بەرپرسیارە.

خەندە وتیشی: "گەر بێت و ژنێک بتوانێت خۆی لە سەر پێی خۆی بوەستێتەوە، لە هەموو ڕووێکەوە پشت بە خۆی ببەستێت، بۆچی دەبێت ڕێگری لێبکرێت؟ لە پێناو چیدا؟ بۆچی دەبێت مافەکانمان بخورێت؟ حەیف بۆ ئەو دەسەڵاتە!.

خەندە لە کۆتایشدا بانگەوازی لە خەڵک کرد کە وەک مامۆستایان هەرگیز سیستەمی پاشەکەوت قبوڵ نەکەن. ئیتر کاتی ئەوە هاتوە داوای مافی خۆمان بکەین. وەک مامۆستا و فەرمانبەرێکی شاری پێنجوێن دووبارەی دەکەمەوە کە تا بێدەنگ بین مافەکانمان دەخورێن و داوا دەکەم بە یەک دەنگ بە بێ جیاوازی دژی دەسەڵاتی گەندەڵ سەرمان بەرزکەینەوە."