لە دۆزەخێکەوە بەرەو چارەنوسێکی نادیار، چیرۆکی پەنابەرانی عێراق

15:06

حەسەکە – پەنابەرانی عێراق جگەلە ڕاکردن و کۆچبەری هیچ ڕێگایەکیتریان لە بەردەم نەماوەتەوە، هەربۆیە بەناچارن ڕێگایەک بگرنە بەر کە کۆتایی و چارەنوسیان بەرەو کوێیە دیار نیە.

لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، بە هەزاران هاوڵاتی عەرەب ڕوویان کردۆتە ڕۆژئاوای کوردستان و لەوێشەوە نیشتەجێ کراون. ئەو هاوڵاتیانە بۆ پاراستنی ماڵ و گیانی خۆیان دووچاری کۆچبەری هاتوون و ئێستاش ڕووبەڕووی زەحمەتی زۆری هەلومەرجی ژیان دەبنەوە، بەو هۆیەشەوە تا ئێستا چەندین پەنابەر بەو هۆیەوە گیانیان لە دەستداوە.

ئەوان لە هەلێک دەگەڕان بۆ ئەوەی ڕابکەن، هەر کەس بە هیوای ڕزگار بوون لەو ژیانە دەژیا، پەنابەران ئاماژەیان بەوەدا کە ئەوان لە دۆخێک دەیانگوزەراند کە هیچ جیاوازیەکی نەبوو لەگەڵ دۆزەخ.

یەکێک لەو پەنابەرانە کە نەیوست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، لە دەروازەی رجم سلەبی وتی: "راکردن لە دەستی چەتەکان کارێکی ئاسان نیە، ئێمە بەدوای ڕێگایەکی ئەمنی دەگەڕاین، دەمانەویست بە هەرجۆرێک بێت ژیانی خۆمان ڕزگار بکەین."

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە هەر خێزانێک زیاتر لە ١٠٠٠ دۆلار لە کرێی ڕێگا دەدات و بە گوێرەی ژمارەی خێزانەکە کرێکەشیان دەگۆڕێت، قاچاخچیەکانیش ژمارەیان زۆر زۆر بووە، هەموویان کەسوکاری چەتەکانن، چونکە تەنها خۆیان دەتوانن ئەو کارە بکەن، زۆرێک لە خێزانەکان تێکڕای کەلوپەلی ماڵی خۆیان بە هەرزان دەفرۆشن تا دەتوانن ڕابکەن."

ئەو پەنابەر ئاماژەی بەوەشدا کە زۆر بە زەحمەتەوە توانیویانە بگەنە سەر سنور، وتیشی: "ئێمە لە دۆزەخێکەوە راماندەکرد و ڕووبەڕووی مردن دەبووینەوە زۆرێک لە پەنابەران لەڕێگا مردن، نەخۆش بوون ."

ناوبراو باس لە هاوکاری دەزگاکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات کە لە هاوکاری کردنی پەنابەران درێخیان نەکردوە، هەروەها سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئابڵۆقەی ئابوری سەر ڕۆژئاوا و وتی: "دەزگاکانی خۆبەڕێوەبەری بەگوێرەی دەرفەتی خۆیان هاوکاری پەنابەران دەکەن، بەڵام پەدەکە و تورکیا ئابڵۆقەی ئابوریان بەسەر ڕۆژئاوا سەپاندووە."

ئێستا لە کامپی هۆل لە کانتۆنی جزیرەی ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر لە ٩ هەزار پەنابەر دەژین، هێشتاش بە سەدان خێزان لە دەشت و چۆڵەوانیەکانن و چاوەڕوانی نیشتەجێکردنن.

بە وتەی پەنابەران ڕۆژانە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەردانیان دەکەن و بەڵێنی زۆریان پێدەدەن، بەڵام بەڵێنەکان لەبەر با دەچن. ئەوان باس لەوەش دەکەن کە لەبەر مەرگ ڕایانکردوە ئێستاش ڕووبەڕویی مردنێکیتر دەبنەوە و هەموو هەوڵەکانیان ئەوەیە منداڵەکانیان ڕزگار بکەن.

هەروەها پەنابەرانی عێراق لە ڕۆژئاوای کوردستان بانگەوازی لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەن کە هاوکاریان بکەن.