سۆژین مەستورە: توندوتیژی سایکۆلۆژی و دەرونی زیاترە لە هەموو توندوتیژیەکان

16:42

مەهاباد - سۆژین مەستورە ڕۆژنامەوان و توێژەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بە دۆخی ئێستای ژنان دەکات و دەڵێت: تاوانەکانی دەستدرێژی سەر ژنان ڕاناگەیاندرێن.

سۆژین دۆخی ژنان لە ناو کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات و ئێرانی هەڵسەنگاندو و رایگەیاند: "وا دەبینرێ ٢٥ نۆڤەمبەر لە ئێران تەنیا وەک ڕۆژێکە کە وەبیر چالاکانی ژن بهێنێتەوە کە ئەنجامی کاریان لە یەک ساڵی ڕابردوو چۆن بووە و ڕەنگە بتوانن بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموون گەلێ ژنانی وڵاتانی تر ( وەک هیندوستان کە میناکێکی سەرکەوتوویە لە خەباتی ژن دژ بە تووندوو تیژی) لە ئەم ڕۆژە دا ڕێگا گەلێک بدۆزنەوە کە بتوانن هاوشێوەی ئەوان کاربکەن. دەنا بە پێی دۆخی دەسەڵاتداری لە ئێران بەداخەوە ژنان لە ئەم ڕۆژە دا ناتوانن بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان ڕێپێوان و خۆپیشاندان بکەن. لە ساڵانی ڕابردوو لە ئەم ڕۆژە دا سمینار و کۆنفڕانس گەلێک بە ڕێوە دەچوو، کە بۆ ماوەیەکە نەماوە، بەڵام لە کاتی ئێستا بەلانی کەم سمینار لە زانکۆکان لە ئەم ڕۆژە دا بە ڕێوەدەچێ. بەڵام بەردەوام چالاکانی مافی ژنان لە ئەم گۆڕەپانە تێدەکۆشن بە ئاگادار کردنەوەی زیاتر بۆ پێناسەکردنی جۆرەکانی تووندووتیژی دژ بە ژن و شێوەی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ تووندووتیژی، لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتێکان. چاپی بڕووشور، وێنەکێشانی گرافیکی لەسەر دیوارەکانی هەندێک لە شارەکان، کاری هێمایی بە ڕووبانی پرتەقاڵی و شێوەکاری سەرنجی خەڵک و دەوڵەت بۆ سەر ئەم مژارە گرنگە ڕابکێشن. بەڵام تا ئەو کاتەکە ناوەندە دەوڵەتی، یارمەتی و پشتگری لە NGO کان و چالاکانی ژن نەکەن، ڕەوتی چالاکی لە ئەو گۆڕەپانە دا زۆر سست دەبێ. "

ناوبراو جەختشی کردەوە: " ئەگەر بمانەوێ باس لە گۆڕانکاری لە ماوەی یەک ساڵ دا بکەین واتا لە ٢٥ نەوامبری ٢٠١٥ تا ٢٥ نەوامبری 2016، بە بڕوام گۆڕانکارێکی سەرنجڕاکێش ڕووی نەداوە و ژمارەیەکی ڕاستەقینە لە دەست کەس دا نیە. لە بواری یاساییە وە لە ساڵی ڕابردوو پێکهاتەی ٦٦ یاسای دادرەسی پەسەند کرا کە بە ڕێکخراوەکانی خەڵک ناوەند یان NGO کان ئەو مۆڵەتەی دەبەخشی کە بە پێی بەکڕاوندی تۆمار کراوی ئەو ڕێکخراوانە لە بواری یاسایی و بتوانن کارگەلێک بکەن. بۆ نموونە ئەگەر ئێن. جی. ئۆ یەک لە بواری ژنان دا کار بکات، دەتوانێ لە بواری توندوتیژی دژ بە ژنان لە سەر مژاری کەیسگەلێکی تایبەت کە ئاگاداری بابەتە کە بوە، سکاڵا تۆمار بکات و لە ڕەوتی پێش کەوتنی دۆسیەکە ئاگادار بێ. کە هەڵبەت سنوورگەلێکی تایبەتیش هەیە و ڕەوتێکی ئاسان نیە. تا ئێستا نمونەیەکی سەرکەوتوو لەو بوارە دا نەدیتراوە، بەڵام هیوادارین کە بتواندرێ لەو پۆتانسیەلە بەهرە وەرگیرێ. جگە لەوە هەندێک لە چالاکانی ژنان بە ڕێکخستنی وۆرک شۆپ و لێکۆڵینەوە لەو بوارە دا تێدەکۆشن کە لە پەرلەمانی ئێران پێشنیارگەلێک تەقدیمە پەرلەمانتاران بکەن کە یاسا لە ئاستی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ژنان بێ. بەڵام هەتاکو ئێستا بەداخەوە، سەرکەوتنێک دەست نەکەوتووە."

سۆژین لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە چۆنێتی ئازارەکانی ژنان کرد و وتیشی: "وەک ڕۆژنامەوانێک لە کە لە گۆڕەپانی ژنان لە ئێران و کوردستان لێکۆڵینەوەم هەیە، دەبێ بڵێم کە تووندووتیژی دژ بە ژن لە جۆری فیزیکی و جەستەیی گوێستراوەتەوە بۆ جۆرەی سایکۆلۆژی دەروونی. توندوتیژی جەستەیی و فیزیکی وەک خەتەنەی کچان، قەتڵی نامووسی، خۆسووتاندن و... کە پێشتر لە رۆژئاوا و باشووری ئێران بە تایبەت دێهاتە کوردێکان زیاد بوون بە نسبەت ساڵانی ڕابردوو، ساڵ بە ساڵ کەمتر دەبێ. کە پێ دەچێت میدیاکان، ڕۆژنامە نووسان و چالاکان لە ئەو گۆڕەپانە دا سەرکەوتووبوون. ئەوە لە کاتێک دابوو کە لەساڵی ڕابردوو دا دۆسیەی تیزاب پێداکردن بەسەر دەموچاو جەستەی ژنان، هاتە ئارا. چەشنەی تری توندوتیژی جەستەیی وەک لێدان لە لایەن هاوسەر یان ئەندامانی بنەماڵە بە نیسبەت کەمتر بووە وەلی دیسانیش مژارێکی بەرچاوە.لە ووتوووێژێک کە من لەگەڵ چەند دکتوور لە پزیشکانی یاسایی و ڕێکخراوی بێهزیستی پێکم هێنا. ڕایانگەیاند کە چوون لە کاتی ئێستا هەندێک لە ژنان بۆ تۆمارکردن و سکالا دوای وەی کە لێیان دەدرێ سەردانی پزیشکە یاساییەکان دەکەن و داوای غەرامەیان هەیە. ئەو پیاوانەی کە لە هاوژینەکانیان دەدەن دەزانن کە چوون لە هاوسەرەکەیان بدەن کە جێی نەمێنێتەوە و یان غەرەمای بۆ تەرخان نەکرێ. جگە لەوە ژنانێک هەن کە توندوتیژیەکی جەستەیی کە لەسەر ئەوان هەیە بە پێی هۆکار گەلێک تۆمار ناکەن. بەڵام لە نێوان ئەم کەیسانەی کە ڕاپۆڕتەکەیان گەیشتۆتە دەست ڕێکخراوی بێهزیستی و پزیشکی یاسایی کەیسی لێدان بە نیسبەتی ساڵیانی پێشوو کەمتر بۆتەوە. لە ناو ئەم کەیسانەی کە لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوە، بێ ئیشی، دۆخی ئابووری نالەبار، گیرۆدە بوون بە مادە هۆشبەرەکان و بیرو باوەڕی کۆن لە ئەو دەستە هۆکارانە بوون کە پیاوەکان تووندووتیژی بەسەر ژن دا دادەسەپێنن. هەروەها هەندێک لە ئەم تووندووتیژیانە وەک دەستدرێژی سێکسی لە زۆربەی کاتەکان بە داخەوە ڕایناگەیەنن. بەڵام لەو کەیسانەی کە ڕاگەیاندراوە، بەداخەوە هێمایەک لەوە نادیترێ کە ئەم چەشنە توندوتیژیە کەمتر بووبێ. "


لە کۆتایشدا، سۆژین مەستورە ڕۆژنامەوان و و توێژەری ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وتی: "بەڵام بابەتێک کە جێی سەرنجە ئەمەیە کە توندوتیژی دژ بە ژنان لە کاتی ئێستا دا زۆرتر لە قالبی دەروونی و سایکۆلۆژی دایە. کە بریتیە لەو تووندووتیژیانە کە بە هۆی یاسای جیاوازیخوازانە دەردەکەون. توندوتیژی وتەیی و سێکسیستی لە میدیاکان و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، هەڕەشەو ئازاری رەگەزی لە ناو زانکۆکان و شوێنی کار، سووکایەتی کردنن و خستنە ژێر گوشاری دەروونیە. لە ساڵانی ڕابردوو چالاکانی ژن بە ڕاگەیاندنی کەیس گەلی ئازار دیتوو لە میدیاکان، بەڕێوەبردنی وۆڕک شۆپە پەروەردەیە جۆراوجۆرەکان بۆ شرۆڤە و پێناسەکردنی جۆرەی توندوتیژی و بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەوان، بڵاوکردنەوەی پەرتووک لە سەر ئەم مژارە و تایبەت مەند کردنی تێزەکانی خوێندکارانی زانکۆ لەسەر مژاری توندوتیژی هەوڵیانداوە بۆ خەبات و تێکۆشان لەسەر ئەم مژارە و توانویانە کاریگەری باشیان هەبێ. بە تایبەت بە ئاگادارکردنەوە و تۆمارکردنی هەواڵ لەسەر ئەو کەیسە ئازار چێشتویانە و بەڕێوبردنی وۆڕک شۆپ لەسەر ئەوان. بەڵام وێڕای تەوای ئەم هەول و تێکۆشانە تا ئەو کاتەی کە ناوەندە ‌حکوومیە کان، پۆلیس پشتگری خۆیان نەکەن و یاسای جیاوازی خوازانە هەبێ، چالاکانی ئەو گۆڕەپانە بە تەنیایی ناتوانن زۆر کاریگەریان هەبێ. چونکە سەلمێندراوە لەو وڵاتانەی کە توندو تیژی دژ بە ژن کەمترە ناوەندە ‌حکومیەکان و ڕێکخراوەکانی مەدەنی دەستیان داوەتە دەست یەکتر. ناوەندە ‌حکومیە کان لە ڕێگای ڕاگەیاندن دەتوانن کەلتور سازی بکەن و بە گۆڕینن یاسای نایەکسانانە و پێکهاتەی دەسەڵات و نرخ توندو تیژی دژ بە ژن کەمتر بکەن.