کۆنفرانسی 'ئامارەکان خۆیان ئەدوێن' بەڕێوەدەچێت

15:03

سلێمانی - یەکێتی ژنانی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆنفرانسێکیان ئەنجامدا کە تیایدا توێژینەوەیەک لەلایەن ڕێکخراوەکە لە سەر دۆخی ژنان خرایە ڕوو.

ئەمڕۆ لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی یەکێتی ژنانی کوردستان کۆنفرانسێکیان ئەنجامدا بەبۆنەی 16 رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.

لە کۆنفرانسەکەدا ژمارەیەکی زۆری میوان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان و پارتە سیاسیەکانی باشوری کوردستان و بەشەکانیتری کوردستان ئامادەی بوون.

لە کۆنفرانسەکە توێژینەوەیەک لە ژێر ناوی " ڕۆڵی شەڵتەرەکانی داڵدەدان لە چارەسەری کێشە خێزانیەکاندا " ئەنجامدراوە لەلایەن یەکێتی ژنانی کوردستان و هەریەک لە (لەیلا عەبدوڵا و سرووە ئەحمەد و منیرە محەمەد) ئامادەکرابوو، ئامانجی توێژینەوەکە بریتی بوو لە ناساندنی کۆمەڵ بە شوێنی داڵدەدان و ڕۆڵی شەڵتەرەکان لە چارەسەرکردنی کێشەکان، وە تیشکخستنەسەر توندوتیژی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان، کە توێژینەوەکە بە بەشداری 150 کەس لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ.

لە توێژینەوەکەدا کە چەندین پرسیار ئاماژەی بۆ کرابوو یەکێک لەو پرسیارانە بریتیبوو لەوەی کە کێ ئازاری ژن دەدات لە خێزاندا، بەشداربووان پێیان وابووە کە بە دەرەجەی یەک هاوسەر توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەکات وە براش یەکێک بووە لەو کەسانەی کە کەمترین توندوتیژی بەرامبەر بە ژن کردووە.

وە لە توێژینەوەکەدا پرسیارێکی تر ئاماژەی بۆ کرابوو بریتیبوو لە: ئەو ژنانەی کە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت روو دەکەنە کوێ؟ لە وەڵامی بەشداربواندا: بەدەرەجەی یەک روو دەکەنە ڕێکخراوەکان و وە کەمترین رێژەش بە هەڵبژاردەی خزم و کەسوکار درابوو.

سەبارەت بە پرسیارێکی دیکە، ئایا تا چەند زانیوتە کە شەڵتەر هەیە لە هەرێمی کوردستان؟ بە ڕێژەی ٨٨،٦٧% دەنگیان بە بەڵێ دابوو وە بە ڕێژەی ١١،٣٣% دەنگیان بهە نەخێر دابوو.

لە بارەی چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی کاری شەڵتەر، بە ڕێژەی ٤٣% دەنگیان بە باش دابوو ڕێژەکانی تیر دەنگیان بە مامناوەند یاخود خراپ دابوو.

وە سەبارەت بە پرسیارێکی تر کە ئایا شەڵتەر هۆکارن بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی؟ بە رێژەی ٥٧،٣٣% دەنگیان بە بەڵێ دابوو.

پاشان لێکۆڵینەوەیەک پێشکەش کرا کە لەلایەن پارێزەر کارزان عەبدولفازل-ەوە ئامادەکرابوو، ئامانجی لێکۆڵینەوەکە بریتی بوو لە دەستنیشانکردنی کەلێن و کەموکورتیەکانی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانییە لە ڕوانگەی بنەمای یاسادانانی سزایی و بڕیارە قەزائییەکان لەسەر جێبەجێکردنی یاساکە، بەمەبەستی پێشکەشکردنی بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
هەروەها پانێلێک لەسەر هەمان بابەت بۆ هەر یەک لە کنێر عەبدوڵا، مونیرە محەمەد و د.رێبوار محەمەد سازکرا.

کۆنفرانسەکە تا ئێستاش بەردەوامە و بڕیارە ڕۆژێک بەردەوام بێت.