"چالاکیەکانی ژنان یاساکانیان پێنەگۆڕدرا"

15:22

کەنەدا - سەبارەت بە هۆکارەکانی پەرەسەندنی توندوتیژی سەر ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران لە ساڵی ٢٠١٦دا وتووێژێکی تێروتەسەلەمان لەگەڵ عیسمەت سۆفیە نووسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان سازکرد.

سەرەتا ناوبراو ئاماژەی بە مێژووی توندوتیژیەکانی سەر ژنان کرد و وتی: "دیرۆکی توندوتیژی دژ به ژن، بە درێژایی میژووی شارستانیەتیە، لە سەر بنەمای لێتوێژینەوەکان لەو ڕۆژەوە کە شارستانیەت دەستی پێ کرد ژنان بن دەست کران. کاتێک پەرە بە کشتوکاڵ درا و وردە وردە کۆمۆنە سەرەتاییەکان بەرەو هەڵوەشانەوە چوون، لەو ڕۆژەوە دژایەتی لەگەڵ ژن وەدی هات بۆیە دیرۆکی توندوتیژی دژ به ژن هاوکاته لەگەل دەست پێ کردنی شارستانیەت. ئەم مژارە تایبەت بە شوێن و کاتێکی دیاری کراو نیە، ئەوە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە کە توندو تیژی دژ بە ژن تەنیا تایبەت بە ئێران و یان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نیە. تایبەت بە چینی هەژار و نە خوێندەوار نیە. ئەوە بابەتێکی زۆر هەستیاری جیهانیە کە بە داخەوە تا ئێستا نەتوانراوە چارەیەکی باشی بۆ بدۆزرێتەوە و ڕێگری لێ بکردرێ. بەڵام ڕەنگە ئەو توندوتیژیه بە پێی فاکتۆرگەلی جیاواز وەک چین و توێژ، ئابوری، ئاستی خوێندەواری و کۆمەڵایەتی کەم و زۆر ببێ."

عیسمەت سۆفیە سەرنجی ڕاکێشایە سەر هۆکارەکانی بە قوربانی بوونی ژنان لە ئێستادا و جەختیشی کردەوە: "ئەگەر بمانەوێ توندوتیژیەکان پێناسە بکەین لە چەند ئاست دا دەتوانین دا بەشی کەین. توندوتیژی جەستەی، توندوتیژی سایکۆلۆژی و دەرونی، کۆمەڵایەتی و جنسی هەڵبەت توندوتیژی کەلتوریش هەیە کە دەچێتە ناو کاتاگۆری توندوتیژی کۆمەڵایەتی. بەڵام چۆن دەکرێ پێش لەو توندوتیژیانە بگیرێ؟ ئایا کارێک کراوە بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵی؟ و ئەگەر کراوە بە چ شێوەیەک؟ ئامارەکانی ناو خۆی ئێران زۆر ڕوون نین. بەڵام وا دیاره 35 % لەو کەسانەی کە لەسەر توندوتیژی جەستەیی سکاڵا تۆمار دەکەن دوای ئەوەی کە سکاڵا تۆمار دەکەن بایەخێکی ئەوتۆیان پێ نادرێ. و خۆشیان بە هۆی کەلتوورێک که هەیە بە دووادا چوونەوە ناکەن بۆ سکاڵاکە. هەندێک جار توندوتیژی جەستەیی ڕاستەو خۆ لە لایەن پیاوە وە و یان پیاوانەوە داناسەپێ بەسەر ژن بەڵکوو ئەوەندە گوشاری سایکۆلۆژی لەسەر ژن دەبێ کە خۆی کۆتایی بە ژیانی دەهێنێ. کە ئەمەش دەچێتە ناو کاتاگۆری توندوتیژی جەستەیی و دەروونی. توندوتیژی بە قسەگەلی بە ئازار و توند پێناسە دەکرێ. توندوتیژی سێکسی لە پەیوەندی هاوسەرگیری و یان لە لایەن کۆمەڵگاوە تەنانەت بە گووتنی قسەی سووک که هەڵبەت ئەو مژارە توندوتیژی دەرونی و تەنانەت جەستەییش لە خۆی دا دەگرێتەوە، توندوتیژی ئابووریشمان هەیە کە کۆمەڵگا مۆڵەت بە ژنان نادا کار بکەن و یان لە ناو ماڵباتیش برا، باب و مێرد به هەمان شێوە یان پارەی نادەنێ. یان تەنانەت ژنێک کە کاریش دەکا خاوەن کار دەیچەوسێنێتەوە. هەروەها ئەو ژنانەی کە هاوژینیان گیرۆدەی مادە هۆشبەرەکانن ناچار دەبن لەش فرۆشێ بکەن. بۆ دابیین کردنی مادەی هۆشبەری هاوسەرەکانیان.. هەندێک شت لە ناو کەلتوری کۆمەڵگا دا هەیە کە لە ناوەڕۆکی خۆی دا توندوتیژیە بەڵام لە کۆمەڵگا دا وەک توندوتیژی پێناسە ناکرێ. تەنانەت ترسێک یان سامێک دەبێ پیاو هەیبێ وەک فاکتۆرێکی کەسایەتی پیاوانە لە ناو ئەم چەشنە کۆمەڵگایانە پێناسە دەکرێ و زۆربەی کات ژنەکان ئاگادار نین کە ئەمە توندوتیژیە و هەروەها سەرەڕای ئەوەی کە جۆری توندوتیژی لەسەر ئەوان پەیڕەو دەکرێ بەڵام وەک توندوتیژی نایبینن."

"توندوتیژی سایبێری کاری خراپی کردۆتە سەر کۆمەڵگا بە هەموو بوارکانیەوە"

هەروەها وتیشی: "دەبێ ئاماژە بەوە بکردرێ کە لەکاتی ئێستا دا زەقترین جۆری توندوتیژی، توندوتیژی سایبێریە، بە پێی پێش کەوتنی تەکنەلۆژیا و مۆدێرنیزە بوونی کۆمەڵگاکان، توندوتیژیش شێوە گەلی تایبەت بە خۆی دەگرێ. واتا مۆدێرنتر دەبێ. لە بواری ڕووحی و سایکۆلۆژیە ئەم چەشنە توندوتیژیه زۆر کاریگەری خراپی لە بواری کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سایکۆلۆژی لە سە ژن هەیە. ژنەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان یا لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان نابێ نەرین و بۆچوونی خۆیان دەبڕن یان ئەگەر لەسەر بابەتەکان لێدوانیان هەبێ ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئەخلاقی و سێکسیستی لە لایەن کۆمەڵگا دەبن کە ئەوە دەبێتە گوشارێکی ڕۆحی کە تەنانەت بۆتە هۆی خۆکوژی ئەم کەسانە. تا ئێستا چەند مژاری ئاوا دەرکەوتووە کە ژنان ئەو بوختانە نامووسیانە ئاستی خۆڕاگری ئەوانی تێپەڕ کردوە. خەساریان لە خۆیان داوە. توندوتیژی سایبێری، هەم سایکۆلوژیه، هەم کەلتوری و لە ئەنجام دا جەستەییش هەیە هەرچەند ناڕاستەوخۆ. کەسێک کە تووشی ئەو گوشارانە دەبێ لە بواری دەروونیەوە تێک دەچێ و لە ئەنجام دا تووشی کێشەی جەستەیی دەبێ و تەنانەت خەسار لە خۆی بدا ئەو کەسە و خۆی بکوژێ . دەتوانین بڵێین سنووری نێوان ئەم جۆرە توندوتیژیانە زۆر بە رتەسکە. "

لە بەشێکیتری گفتوگۆکەدا عیسمەت باسی لە چالاکیەکانی ژنان کردو و بەو شێوەیە بەردەوام بوو: "بەداخەوە کەلتور و یاسا پشتگیری لە پیاو سالاری دەکەن، لەسەر ئەم بنەمایە، چالاکانی ژن کاریشیان کردبێ، کاریگەریەکی ئەوتۆی نەبووە. چالاکانی ژن نەیانتوانیوە یاسای پیاو سالارانە بگۆڕن سەرەڕای بەڕێوەبردنی چەندین کەمپەین وەک کەمپەینی یەک میلیۆن واژۆ وە دەیان کەمپەینی تر کە بە داخەوە نەیانتوانی کاریگەریان لەسەر یاسا هەبووبێ. ڕەنگە توانیبێتی لەسەر کەلتور کاریگەری باشی هەبووبێ بۆ نموونە تا چەند ساڵ لەمەو بەر، شۆفیرانی ژن زۆر تووشی توندوتیژی دەبوونەوە بەڵام وا دیارە ئێستا ئەو مژارە بۆ کۆمەڵگا باشتر جێی کەوتووە. هەر ئەو چالاکیە سایبێریانە کە ژنان هەیانە ڕەنگە بتوانێ کاریگەری ئەرێنی لەسەر دەورووبەریان دانێ. بەڵام بە هۆی ئەوەی کە کەلتوور و یاسا دەستیان داوەتە دەستی یەک بۆ ڕاگرتنی پیاو سالاری ئەو شێوازە چالاکیانە نەیتوانیوە کاردانەوەیەکی بەرچاویان هەبێ. بەڵام بە ختەوەرانە ژنان و چالاکانی مافی ژن لە ڕێی بە هێز کردنی باری تێئۆری و لۆژیکی خۆیان توانیویانە کاریگەریەکی کەم دانێن. بە ڕای من ئاگادار کردنەوەو خۆ پەروەردە کردن فاکتۆرێکی زۆر بە هێزە کە ئەگەر ئەو فاکتۆرە کاری لەسەر بکرێ لە داهاتوو دا دەتوانێ پێرسپێکتیڤی ژنان لە توندوتیژی بەرفراوانتر بکات."

"توندوتیژی هەیە هێشتا ژنان پێیان نەزانیەوە"

ئەو ژنە نوسەرە هۆکاری دوورکەوتنەوەی چالاکانی ژن دەگەڕێنێتەوە بۆ هەندێک هۆکار: "توندوتیژی تەنیا تایبەت بە چین وتوێژێکی دیار یان بڵێین چینێکی هەژار و نەخوێندەوار نیە بەڵکو کاتێک ژنانێک کە گەیشتوونە ئاستێکی پێشکەوتوو جەسارەت و بوێری خۆیان دەردەبڕن ڕووبە ڕووی هەڕەشە و هێرش لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دەبنەوە، هێرشێک کە دەکرێتە سەر کەسایەتی ئەو ژنە، تۆمەتی ئەخلاقی لێ دەدرێ و کەسایەتی دەڕوخێندرێ و بە وشەی نالەبار و سێکسیستی ئازاری بەر دەکەوێ کە جار نا بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەو ژنانە خۆیان دوور کەنەوە لە هەرچی چالاکی سیاسی و مافی ژنە. بۆیە کاتێک چالاکە ژنەکان خۆیان تووشی ئەو هێرشانە دەبنەوە ئەو پرسیارە دێتە ئارا کە چۆن و چەندە دەتوانن کاریگەریان هەبێ لەسەر دۆخی ژنان و ڕاوەستن لە بەرامبەر ئەو دژایەتیانە. هەر ئەو ئاکتیڤیستانە بە هەزاران شێوە تووشی توندوتیژی دەبن لە لایەن کۆمەڵگای پیاو سالار جا چ ژن چ پیاو. کاتێک باسی توندوتیژی دەکەین مەبەستمان لەم مژارە هەر لە لایەن پیاوەوە نیە. ئێمە لە کۆمەڵگایەکین کە ژن و پیاو واتا تەواوی پێکهاتەکانی ئەو کۆمەڵگایە عەقڵیەتێکی پیاو سالارانەیان هەیە. جاری وا هەیە کە ژنەکان جا چ ئاکیڤیست چ ژنی تر لە لایەن ژنی ترەوە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت."

ناوبراو وتیشی: "جگە لەوە بابەتێک کە زۆر کەم باسی لێکراوە تووندووتیژیەکی خێرخوازانەیە، هەر ئەوەی کە دوو چەشنە سێکسیزم هەیە دووژمنانە و خێرخوازانە. دوو شێوەی توندوتیژی مان هەیە دوژمنانە و خێر خوازانە . لە کۆمەڵگایەک دەژین کە زۆربەی ئەو هەڵسوکەوتانەی دەکردرێ نازانرێ ئەو کردەوەیە بەرامبەر بە ژن توندوتیژیە. بۆ نموونە پیاوێک یان هاوسەرێک بە ڕێگایەکی نەرم و نیان و بە زمانی خۆش بەو قەناعەتەی دەگەیەنێ کە بە پێی ویستی ئەو هەڵسوکەوت بکات، واتا چۆن ئەو دەیەوێ جل لەبەر بکات یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەو وێنەیەی کە ئەو پێی باشە داینێ. ئەوە چەشنێک لە توندوتیژیە کە بە داخەوە کۆمەڵگا پشتیوانی لێ دەکات و تەنانەت زۆربەی ژنەکانیش ئەوەی بە هێمایەک لە خۆشەویستی و غیرەتی پیاوانە لە قەڵەم دەدەن."

" لە ٢٥ نۆڤامبەری ٢٠١٥ تا ٢٠١٦ بارودۆخی ژنان خراپتر بووە"

عیسمەت سۆفیە نووسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "بە پێی ئەوەی کە بابەتێکی جیهانیە و بەگوێرەی گۆڕانکاریە جیهانیەکان بەردەام دەبێت. واتا دەتوانم بڵێم لە سەردەمێکدا دەژین کە توندوتیژی دژ بە ژن لە ئاستێکی بەرز دایە. هەر چەند ئەژمارێکی ڕاستەقینە لەسەر ڕێژەی توندوتیژی لە ئێران لە بەر دەستدا نیە بەڵام بە پێی ئەو توێژینەوانەی کە دەتوانین بیکەین گۆڕانکاریەکی ئەوتۆ لە سەر دۆخی ژن لە ٢٥ نۆڤامبەری ٢٠١٥ تا ٢٠١٦ ڕووی نەداوەو دەتوانم بڵێم بەرەو خراپتریش چووە. هەر ئەو جۆرەی کە دۆخی ژن لە کاتی ئێستا دا لە ئاستێکی باش دا نیە. لە ئێران بە پێچەوانەی وڵاتانی تر ماڵێکی ئارام و پارێزراو بۆ ئەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی بوون هەبوونی نیە کە پەنای بۆ ببەن. هەر نەبوونی ئەم بابەتە دۆخی ژن لە بواری توندوتیژیەک کە بەسەری دا دادەسەپێ قەیراناوی تر و مەترسیدار تر دەکات."