شیلان کۆبانێ فەرماندە، شاعیر و سەمبۆلی بەرخۆدانی ژنانی کۆبانێ

15:59

ناوەندی هەواڵ - مەیسا باقی، ناسراو بە شیلان کۆبانێ پێشەنگی تێکۆشانی ئازادی و فەرماندە و شاعیری کورد، لە شاری کۆبانێ چاوی بە دونیا هەڵێناوە، لە ٢٩ی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٠٤دا لەگەڵ چوار لە هەڤاڵانی لە شاری موسڵ تیرۆر کران. شیلان بە هەڵوێستی "ژنێکی کۆبانێش دەتوانێت ئازاد ببێت، منیش دەمەوێت بە ژیان و بڕیارداری خۆم پیشان بدەم" بۆ هەموو ژنان بووە ڕۆشنکەرەوەی ڕێگای ئازادی.

مەیسا باقی، ناسراو بە شیلان کۆبانێ سەمبۆلی بەرخۆدانی ژنانی کورد لە ساڵی ١٩٧١ لە گوندی "کۆر" ٢٥کم لە ڕۆژئاوای شاری کۆبانێ لە دایک دەبێت، لە ناو خێزانێکی قەرەباڵغ گەورە دەبێت و بە گشتی ٩ خوشک و برا دەبن، شیلان لە تەمەنی منداڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی دووچاری کۆچبەری دەبن و دەچنە شاری حەلەب، لە ساڵی ١٩٨٨دا بەشداری دەکات لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد، ناوبراو ماوەی ١٧ ساڵ بە بێ کۆڵدان تێدەکۆشێت، لە ٢٩ی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٠٤دا لەگەڵ چوار لە هەڤاڵانی لە شاری موسڵ تیرۆر دەکرێن.

لە ساڵیادی شەهیدبوونی ئەو ژنە تێکۆشەرەدا قسەی بۆ کردین.

"یەکەم شۆڕشی شیلان لە ماڵەوە دەستی پێکرد"

فاتمە حەبەش، دایکی شیلان کۆبانێ، بەو شێوەیە باس لە ژیان و تێکۆشانی کچەکە تێکۆشەرەکەی دەکات: "لە خوێندنی خۆیدا زۆر سەرکەوتوو بوو، ئەو هەر لە منداڵیەوە دژی هەموو دابونەریت و زوڵم و ستەمێک سەری نەنەواند و هەڵوێستێکی بە هێزی هەبوو. جارێکیان لەگەڵ هاوڕێکانی چووبوون بۆ ئاهەنگی نەورۆز، هەر بۆیە لەلایەن مامۆستاکانیەوە سزادەدرێن، شیلان دژی بڕیاری مامۆستاکانی دەوەستێتەوە و مامۆستاکانی بانگهێشتی باوکیان کرد."

دایکی وتیشی: "کاتێک لە ساڵانی هەشتاکان مامێکی شیلان گروپێک هەڤاڵی هێنایە ماڵمان، شیلانیش بڕیاریدا کە لەسەر هزرو و ئایدۆلۆژیای ئەوان بەردەوامی بە ژیان بدات و بەشداری بکات لە بزوتنەوەی ئازادی کورد بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ، هەر بۆیە لە ساڵی ١٩٨٨ دا ڕووی کردە ناو تێکۆشان. شیلان هێشتا بچوک بوو بۆیە لەناو منداڵان کاری دەکرد و لە یادمە ڕۆژێک پارەی کۆکردبووەوە بۆ هاوکاری کردنی هەڤاڵان و لەبەر ئەوەی بڕی پارەکە کەم بوو شەرمی دەکرد بیدات بە هەڤاڵان بۆیە دایە باوکی و تا ئەو بیدات."

دایکی شیلان کۆبانێ باسی لەوەش کرد کە کاتێک شیلان بەشداری ناو بزووتنەوەی ئازادی بووە ڕۆڵێکی باشی هەبوو لە پێشخستنی تێکۆشانی ژنان و وەک فەرماندەیەکی بە توانا لە هەموو بوارێکدا ئەرکی جۆراو جۆری لە ئەستۆ گرتوە، ناوبراو وتیشی: "جارێکیان شیلان تەلەفۆنی کرد وتی دەگەڕێمەوە بۆ ڕۆژئاوا، هەر بۆیە دوای ئەوە دوو ڕۆژ هاتە کۆبانێ لەبەر ئەوەی ڕژێمی سوریا لێی دەگەڕا، ناچار بوو ڕۆژئاوا بەجێبهێڵێت و بچێتەوە بۆ خاکی عێراق، ئەو ماوەیەک لە شاری موسڵ دەمایەوە، دوای سێ مانگ بیستمان کە دەستی ڕەشی خیانەتکارانە لەگەڵ پۆلێک لە هەڤاڵانی شەهید کراوان."

لە کۆتایشیدا فاتمە حەبەش دایکی شەهید شیلان کۆبانێ وتی: "ویستمان دوای شەهید بوونی تەرمەکەی بگەڕێنینەوە ڕۆژئاوا، لێ ڕژێم زۆر کێشەی بۆ دروستکردین، پاشان قودرەتی خوشکی چووە موسڵ و لەوێ ناشتی، راستە شیلانێک شەهید بوو، بەڵام ئێستا هەزاران شیلان لەدایکبوونە و لە کۆتایشدا لێرەوە تا ئیمڕاڵی سڵاو و ڕێزم هەیە بۆ ڕێبەر ئاپۆ."