سارا ئاکتاش پێشەنگی ژنان لە باکوری کوردستان دەستگیرکرا

10:15

ئامەد – ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ژنانی ئازاد "سارا ئاکتاش" لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەستگیرکرا.

ئەمرۆ دووشەمە، لە چوارچێوەیە هێرش و هەوڵەکانی لە نێوبردنی ئیرادەی گەلی کورد لە باکوری کوردستان، سارا ئاکتاش ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ژنانی ئازاد(کەژا) لە شاری ئامەد و لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەستگیرکرا و ڕێگە بە پارێزەرانی نادرێت چاویان پێی بکەوێت، دادگای دەوڵەتی تورکیا لە هەواڵی بڵاوکردنەوەی دەستگیکردنیدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو بە هۆکاری "بەرپرسیار بووە لە ناو کەجەکەدا" دەستگیرکراوە.

سارا وەک چالاکێکی بواری ژنان و پێشەنگی خەباتی ژنان لە باکوری کوردستان دەناسرا، هەروەها ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە پێشخستنی هەموو کاروبارەکانی ژنان و چالاکیەکانی ژنان و خەباتە دیموکراسیەکان لە سەر ئاستی هەرچوارپارچەی کوردستان.

سارا ئاکتاش لە هەمانکاتدا لە زۆرێک ڕۆژنامەو گۆڤارەکانی تورکیا و باکوری کوردستان دەینوسی و لە یەکێک لە نوسینەکانیدا سارا هۆکاری تێکۆشانی خۆی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە کۆنگرەی ژنانی ئازاد لە دژی سیاسەتەکانی ئاکەپە تێدەکۆشێت کە سیاسەتی ژن کوژی و ژن بێنرخ کردن دەسەپێنێت.