کۆنگرەی ستار پەیامێکی سەرەخۆشی ڕاگەیاند

11:23

قامیشلۆ - دوو رۆژ لەمەوبەر ئەندامێکی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ئەنجامی ڕووداوێکدا گیانی بەختکرد، کۆنگرەی ستاریش بەو هۆیەوە پەیامێکی سەرەخۆشی ڕاگەیاند.

کۆنگرەی ستار ڕادەگەیەنێت: "نەسرا خەلیل ناسراو بە (ڕووشین) ئەنداممان لە شارۆچکەی سەرێکانی لە ئەنجامی ڕووداوێک شەهید بوو، شەهید ڕووشین ماوەیەکی درێژ لەناو تێکۆشانی ئازادیدا خەباتی کرد، لە ساڵی ١٩٩٧ەوە تا ئێستا بە بێ وچان لە زۆر شوێن کار و خەباتی بەڕێوەبەردوە، لەو ماوەیەی تێکۆشانیدا بە فیداکاری و بوێریەوە باری شۆڕشی لە کۆڵنابوو، هەڤاڵمان ڕووشین تا ساتەکانی گەیشتن بە پلەی شەهیدبوون خاوەن هەڵوێست و ژیانێکی پڕ لە واتا بوو."

کۆنگرەی ستار ئاماژەش بەوە دەدات کە شەهید ڕووشین لە دواین کۆنگرەدا، وەک ڕێوەبەرێکی پێشەنگ دەستنیشانکراوە و ئەرکی زۆری لە ئەستۆ بووە، دواین جاریش لە شارۆچکەی سەرێکانی کانتۆنی جزیرە لە ئاستی ڕێوەبەریدا دەست بەکار بووە.

هاوکات کۆنگرەی ستار بەو هۆیەوە سەرەتا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید ڕووشین و تێکڕای هەڤاڵانی و گەلی کورد دەکات، هەروەها جەختیش دەکاتەوە: "ڕووشین خاوەن کەسایەتیەکی بەهێز بوو هەر لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە بە خاوەنداری کردن لە نرخە پیرۆزەکانی گەل و مرۆڤایەتی بە بێ دوودڵی خەباتی کرد، ئێمەش وەک کۆنگرەی ستار بەڵێنی بەردەوام کردنی ڕێگای پیرۆزی و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی دووپات دەکەینەوە، بۆ زیندوو هێشتنەوەی بیرەوەریەکانی نایەڵین بۆ هیچ کاتێک تێکۆشانی هەڤاڵ ڕووشین کۆتایی پێ بێت."