"نابێت چیتر ژنان تواناکانیان بشارنەوە"

11:51

سلێمانی – شاناز یەکێک لە ژنە دەستڕەنگینەکانی شاری سلێمانی داوا لە هەموو ژنان دەکات کە چیتر تواناکانیان نەشارنەوە و بە بۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سەر ژنان بەرهەماکانی پێشکەش کرد.


شاناز لە میانەی کۆنفرانسێکی ژناندا بەرهەماکانی پێشەکەش کرد و بەو شێوەیە باسی لە ئامانجی خەباتەکەی کرد: "سەرەتا وەک ژنێک خۆشحاڵم کە توانیومە لەو ڕۆژەدا کارێک بکەم بۆ ئەوەی ڕەنج و تواناکانی ژنان بخەمە ڕوو، ئەوەش زۆر واتادارە بەلامەوە."


ناوبراو وتیشی: "توندوتیژی جۆری زۆری هەیە، بۆیە منیش وەک ژنێکی کورد هەڵساوم لەو ڕۆژەدا بە نمایش کردنی بەرهەمە دەستیەکانم، هەڵبەت ئەوەش بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکەمیان بۆ ئەوەی کە داهاتی هەیە، دووەمیان بۆ ئەوەی کەلتوری خۆمان بە زیندوی بهێڵینەوە، هەروەها خەمڕەوێنێ بە ژن دەبەخشێت و کارێکی جوانە، لێرەوە بە هەموو ژنان دەڵێم کە ژن خاوەن توانایەکی زۆرە، نابێت چیتر ئێمەی ژنان تواناکانمان بشارینەوە، هەرچەند شتەکان کەم و بچوکیش بن، بەڵام گرنگن دەتوانین رۆحیان بهێنینەوە بەر.


ناوبراو داواشی لە ژنانی دەستڕەنگین کرد کە بێنە ناو ئەو بوارەی خۆی کاری تیا دەکات، بۆ ئەوەی تواناکانی ژنان هەمیشە گەش و زیندوو بن.