لێشاوی کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب بەرەو گەڕەکی شێخ مەقسود بەردەوامە

10:54

حەلەب - هاوڵاتیانی گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب بە هۆی شەڕی سەر ناوچەکە دووچاری کۆچبەری بوونەتەوە و لێشاوی کۆچبەران بۆ گەڕەکی کوردنشینی شاری حەلەب(شێخ مەقسود) لە چوارەمین ڕۆژیدا بەردەوامە.

پەیامنێرمان لە شاری حەلەبە وە رایگەیاند بەرەبەیانی ئەمڕۆش ژمارەیەکی کۆچبەر گەشتوونەتە شێخ مەقسود و هاوکات دوێنێش ٥٠ هاوڵاتی گەیشتن کە زۆربەیان ژن منداڵ بوون.

بەو پێیە ژمارەی کۆچبەران ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە و یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە)ش چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو کە بە هاوکاری ئاسایش تونراوە زیاتر لە ٦ هەزار کەس ڕزگار بکەن و ڕێڕەوی مرۆییش بۆ کۆچبەران کراونەتەوە.

هاوکات لیژنەى نێو دەوڵەتى خاچى سور ڕایگەیاند، لە دواى ئەوەى سوپاى سوریا هێرشی کردووەتە سەر ڕۆژهەڵاتى حەلەب لەماوەى ٧٢ کاتژمێرى ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس لە ناوچەکە هەڵاتون.

کریستا ئەمسترونغ وتەبێژى لیژنەى نێو دەوڵەتى خاچى سور بە فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ئەو ژمارەیە بە شێوەیەکى مەزەندە کراوى دیاریکراوە و لە ئێستادا هەزاران هاوڵاتى ناوچەکانى ڕۆژهەڵاتى حەلەب هەڵاتون بە شوێن پەناگەیەکدا دەگەڕێن کە بیانپارێزێت لە بۆردومانى فرۆکەکان.

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو هاوڵاتیانە هیچ کەلوپەلێک و پێداویستییەکیان پێ نیە و بە دەستى بەتاڵ ماڵەکانیان جێهێشتووە وهەندێکیان هەڵاتون بۆ ناوچەکانى ژێر دەستى ڕژێم و هەندێکیش بۆ ناوچەکانى ژێر دەستى یەپەگە.