لە منبج ژنان ترافیکی شار بەڕێوەدەبەن

10:41

منبج - ژنانی منبج دوای ڕزگاربونیان لە دەستی چەتەکانی داعش گۆڕەپانی خەباتەکانیان بەرفراوان کردوە، ئێستاش وەک پۆلیسی هاتوچۆ لەناو شاردا خەبات دەکەن.

دوا بەدوای ئازادکردنی شاری منبج لە دەستی چەتەکانی داعش ژنان پێشەنگی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی شارەکەیان دەکەن، ژنان بەشداری دەکەن لە هەموو ئەو کار و پیشانەی لە لایەن چەتەکانی داعشەوە لێیان قەدەغە کرابوو.

هەروەها چەندین دامودەزگای مەدەنی کراونەتەوە، یەکێکیش لەوانە ناوەندی هاتوچۆیە، ئەو ناوەندە لە ٢٨ی مانگی ئەیلول کراوەتەوە، لەناوەندەکەدا ١٧ کەس کار دەکەن کە ٣ لەوانە ژنن، نەهلا محەمە، یەکێک لە بەرپرسیارانی ناوەندەکە لەو بارەوەیە ڕایەگەیاند: "ژن دەتوانێت پێشەنگی بۆ هەر خەباتێک بکات."

نەهلا باسی لە سەرەتای خەباتەکەیان کرد و وتی: "چونکە بۆ جاری یەکەمە ژنان لەناو شارەدا بەشداری دەکەن لە خەباتێکی لەو جۆرە ڕووبەڕووی زەحمەتی زۆر بووینەوە، بەڵام وردە وردە خەریکە ئیتر هەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە و کاریگەری زوڵم و زۆری چەتەکانی داعش لە سەر شارەکە دەسڕینەوە."

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە دوای چوار ساڵ سەرلەنوێ دەستکردنەوە بە خەباتەکانی ترافیک گرنگی زۆری هەیە، جەختیشی کردەوە: "بە هۆی بۆردومان و تۆپبارانەکان شەقامەکان زیانی زۆریان بەرکەوتبوو، ئێستا شارەوانی دەستی کردوە بە چاکردنەوەی شەقامەکان و خەباتەکان بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەدەچن."