بێڕێزی بە دوو ژنە گیراوی سیاسی دەکرێت

11:15

ناوەندی هەواڵ – هێزە ئەمنیەکانی لە گرتوخانەی کرمان هێرش دەکەنە سەر ژووری ئەفسانە بایەزیدی و هاجەر پیری و دەستدەگرن بە سەر کەلوپەلی تایبەتی ئەم دوو چالاکە سیاسیە کوردەدا.

بە گوێرەی راپۆرتێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد، هێزە ئەمنیەکان بە بێڕزی کردن و بەکارهێنانی قسەی ناشیاو بەم دوو چالاکە کوردە دەستدەکەن بە پشکنینی ژوورەکەیان و هەندێک کتێب و دەستنوسی ناوبراوان بۆ نمونە دەستدەگرن بەسەر بیرەوەریەکانی ئەفسانە بایەزیدی. لەو کاتەدا هاجەر پیری بە دەنگی بەرز دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" دەڵێتەوە کە هەر بەم هۆیەوە ناوبراو ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی دەکرێت و تا بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیاریەک سەبارەت بە دۆخی ناوبراو نازانرێت.

ئەفسانە بایەزیدی لە کۆتایی مانگی تەمموزی ئەمساڵ بە چوار ساڵ و نیو زیندان سزا دراوە، هەروەها هاجەر پیری چالاکی سیاسی کورد تەمەن۳۳ساڵان و لە نۆڤەمبەری ٢٠٠٧وە لە بەندیخانەی ناوەندی شاری کرمان ڕاگیراوە وتا ئێستا ڕۆژ ێکیش مۆڵەتی پێندەراوە، ناوبراو هەر لەو ساڵەدا لەلایەن سیستەمی دادوەری( قەزایی )کۆماری ئیسلامی ئێران بە ۱۷ساڵ زیندان سزا دراوە.

هەردوو ژنە چالاکی سیاسی بە تۆمەتی ئەندام بوون لە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی دەستگیرکراون، جێگای وەبیر هێنانەوەیە ئەم دوو چالاکە لە ژووری(بەندی) تاوان بارانی ئاساییدا لە گەڵ زیندانیانی مادە هۆشبەرەکان و تاوان بارانی مەترسیدار ڕادەگیریەن.