بانگەوازیەک بۆ رزگارکردنی ژنانی شاری حەلەب

11:49

حەلەب – سەرۆکی دەستەی کاروباری ژنان لە کانتۆنی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان رادەگەیەنێت، هەرچی زووە دەبێت کۆتایی بە کۆمەڵکوژی ژنان بێت لە حەلەب.

فاتیمە لاکتۆ، سەرۆکی دەستەی کاروباری ژنان لە کانتۆنی عەفرین، باسی لە دۆخی ژیانی ناهەمواری ژنانی شاری حەلەبی سوریا کرد و وتی: "لە گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی شاری حەلەب زیاتر لە هەر کەسێک ژنان دەبنە قوربانی شەڕ و هێرشەکان."

ناوبراو جەختیشی کردەوە: "ئەو ژنانەی دووچاری کۆچبەریش هاتوون ژیانیان لە ژێر هەڕەشە و مەترسیدایە، چونکە وەک دەبین، پیاوێک کچەکەی بە دەستەیەکی نان فرۆشتبوو، ئەوە ڕووداوێکی ئاسایی نیە، تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی، دژ بە ژیان و بوونی مرۆڤ. ئێمە وەک دەستەی کاروباری ژنان هەوڵ دەدەین کە کۆتایی بەو کارەساتانە بێنین."

فاتیمە لاکتۆ، سەرۆکی دەستەی کاروباری ژنان لە کانتۆنی عەفرین، لە کۆتایی قسەکانیدا بانگەوازی لە سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، هەرچی زووە بکەونە جموجۆڵ بۆ راوەستاندنی هێرشی سەر هاوڵاتیان لە شاری حەلەب.