ژنان بونیادنەری چوار ساڵەی شۆڕشن(١)
Dosya Haber
لە ڕۆژئاوای کوردستان ژیانێکی نوێ بە دەستی ژنان بونیاد دەنێرێت
ژنها
ناوەندی هەواڵ – لە سلاڤا تا ئارینەکان، لە ئیڤانا تا ڤیانەکان و تا گوڵانەکان، لە سیبەل تا پەیمانەکان بەهەزاران ژن بە پەنجەی بەرخۆدان شۆڕشی ڕۆژئاوایان هۆنیەوە. لە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوادا ژنان لە سیاسەت، بەرگری و لە هەموو لایەنەکانی ژیان خۆیان بەڕێکخستن دەکەن، ژنانی ڕۆژئاوا بە مۆدێلی تێکۆشانی خۆیان ئێستا پێشەنگی بۆ هەموو جیهان دەکەن.
ئەو کوردانەی لە سوریا دەژین هەرچەند ساڵانێکە لە ژێر دەسەڵاتی بەعس ژیابن، بەڵام ئێستا بەرخۆدانێکی مێژووی تۆمار دەکەن. کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان سەرەڕای هەموو هێرشەکانیش سورن لەسەر بونیادنانی ستاتۆی خۆیان. لە ١٩ ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٢دا خەباتی بونیادنانی پێگەیەکی نوێ لە ژێر چەتری سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دەستی پێکرد. کوردانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ماوەی چوار ساڵە بە بەبێ پشودان لە پێناو پاراستنی خاک، نیشتیمان و لە پێناو مرۆڤایەتی تێدەکۆشن. لە زۆربەی شاروشارۆچکەکانی رۆژئاوای کوردستان ژنان لەناو دەزگاکانی ئاسایش، ئەنجومەنی گەل، کۆپەراکتیفی ئابوری، ڕێکخراوەکانی ژنان، کۆمینی ژنان، وەقفی ژنان، دادگا، ناوەندەکانی کەلتور و هونەر، ناوەندەکانی گەنجان و وەزارەتی ژنان و ئەکادیمیەکاندا بە شێوەیەکی چالاک خەبات بەڕێوەدەبەن. بە هەموو پێکهاتەکانی(کورد، عەرەب، سریان، ئەرمەن) بەبێ جیاوازی لە نەتەوە و زمان و باوەڕی خەباتێکی هاوبەشی ژنان بناغەی شۆڕش دادەمەزرێنن. ئەو سیستەمە بە پێشەنگی ژنان ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو پێش دەچێت، لە جیهانیش شۆڕشی ڕۆژئاوا بە شۆڕشی ژنان ناسراوە. هەرچەند بە هەزاران ساڵە ژنان لە بەرامبەر ئەقڵیەتی دەسەڵاتداری تێدەکۆشن، بەڵام یەکەم جارە جیهان شایەتی بۆ شۆڕشێک دەدات کە بە پێشەنگی ژنان بەڕێوەدەچێت.
وەزارەتی کاروباری ژنان:
لە ٢٧مین ماددەی پەیماننامەی کۆمەڵایەتی ڕۆژئاوای کوردستان، هاتوە "مافی ژنان لە سیاسەت، کاروباری کۆمەڵایەتی، ئابوری، کەلتور و هەر بەشێکی کۆمەڵایەتی هەیە". هەروەها لە ٢٨مین ماددەی دەوترێت"ژنان خاوەنی مافی بەرگری ڕەوا و هەموو ڕەتکردنەوەیەکی نایەکسانی ڕەگەزین."
لە کانتۆنەکانی عەفرین، کۆبانێ و جزیرە وەزیری ژن هەن، لە هەموو کانتۆنەکاندا زیاترین کاروخەبات لەلایەن وەزیرە ژنەکانەوە بەڕێووە دەچێت. ژنانی وەزیر بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان کار بۆ پێشخستنی پڕۆژە و پێشنیار دەکەن.
"ژنان لە ڕێگەی کۆنگرەی ستارەوە خۆیان بەڕێکخستن دەکەن"
کۆنگرەی ستار دامەزراوەیەکی ژنانە، کۆنگرەی ستار لەسەرتاسەری ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجومەن کۆمین و کۆمیتەی خۆی هەیە، ژنان لەڕێگەی ئەو ناونیشانانە خۆیان بەڕێکخستن دەکەن. ئەو ڕێکخستنەی ژنان بۆ بەشداری کردنە لە خەباتە جۆراوجۆرەکانی گۆڕەپانی شۆڕشی ڕۆژئاوا. ژنان لە ڕێگەی ئەو کۆمینانەی سازیانکردوون پەرە بە لایەنی سیاسی، ڕامیاری، ئابوری، پاراستن و کۆمەڵایەتی دەدەن. بە مەبەستی گۆڕینی ئەقڵیەتی سەروەری پیاوسالاری و کۆنەپەرست، کۆنگرەی ستار لە هەموو شارەکان ناوەندی پەروەردەی بۆ ژنان کردۆتەوە.
خەباتی کۆمین:
یەکێک لە خەباتە بەرچاوەکانی ژنانە، لە هەرسێ کانتۆن، لە هەموو گوند و گەڕەکەکانی ژنان بە ڕێگەی کۆڕ و کۆبوونەوە کۆمینی خۆیان ساز دەکەن. ئەو کۆمینانەی لەلایەن ژنان بەڕێکخستنکراون، گرنگی زۆریان هەبووە لە پوچەڵکردنەوەی پلان و هێرشەکانی دووژمنان بۆ سەر دەسکەوتەکانی شۆڕش لە ڕۆژئاوا. هاوکات بوونەتە ناوەندی چارەسەرکردنی گرفتە کۆمەڵایەتیەکانی ژنان. ژنان لەناو ئەو کۆمینانەدا پڕۆژەی ئابوری پێشدەخەن، بە ڕوانینی هاوبەش خەباتی هەرەوەزی بە بنەما دەگرن. لەلایەکیترەوە ژنان بەڕێگەی ئەو کۆمینانە پارێزگاری لە خۆیان دەکەن و مافەکانیان بەرجەستە دەکەن. سیسەتەمی کۆمین بە دیموکراتیە و دەتوانرێت سەرۆکی کۆمین بە هەڵبژاردن دەستنیشان بکرێت. بە کورتی چالاکترین دەزگایە کە لە قوڵایی کۆمەڵگا دایە و بناغەی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری پێکدێنێت.
یەکینەکانی پاراستنی ژنان:
یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە ٤-٤-٢٠١٣دا لە یەکەمین کۆنفرانسی خۆیدا لە شاری دێرک ڕاگەیاندرا، یەپەژە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێشخەری کرد لە بەهێز بوونی سیستەمی بەرگری وڵات، لە نەهێشتنی توندوتیژی کۆمەڵایەتی. یەپەژە توانی چەندین بەرەست و قاڵبی دەسەڵاتداری لە ئەقڵیەتی کۆمەڵگەدا هەڵوەشێنێتەوە. لە شکستهێنانی چەتەکانی داعش "یەپەژە" ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو، لە جیهانیشدا "یەپەژە" وەک ناسنامەی ژنانی کورد ناسرا.
هێزەکانی پاراستنی جەوهەری – ژنان:
لە کۆنفرانسێکی مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٥دا هێزەکانی پاراستنی جەوهەری ژنان(هەپەجە – ژن) ڕاگەیاندرا، ژنان لە ژێر چەتری ئەو هێزەیاندا دەسکەوتەکانیان دەخەنە ژێر گەرەنتی. هەپەجە – ژن لە هەموو کانتۆنەکان دامەزرا. لە کانتۆنی جزیرە خولی پەروەردە بۆ ئەو هێزە کرانەوە، بە هەموو تەمەنێکەوە ژنان لەو خولانەی پەروەردە لە ڕووی هزری و بەرگریەوە پێشدەخرێن. هەپەجە ئەو هێزەیە کە بەرامبەر هەر هێرشێک دەوەستێتەوە کە دەکرێتە سەر ژن، خاک و بەهاکانی کۆمەڵگە.
ئەکادیمیاکانی ژنان:
ژنان بە هەموو هێز و ئیرادەی خۆیان بەشداری لە خەباتی بونیادنانەوە دەکەن. بۆ ئەوەی ژنان خۆیان بگەیەنن بە ئاستی کادرێکی بونیادنەر بۆ کۆمەڵگەی ئەخڵاقی و سیاسی، کۆنگرەی ستار بەڕێگەی کردنەوەی خولی مانگانە لە ئەکادیمیاکان ژنان پەروەردە دەکات. چەندین ئەکادیمیای وەک ئەکادیمیای (ڕامانی ستار) هەن کە لە ڕۆژئاوای کوردستان ژنان ڕووی تێدەکەن.
ژن و پێشخستنی زمانی زگماکی:
ژنان بە کەلتوری کوردەواری و نەتەوەیی خۆیان شۆڕشی ڕۆژئاوایان دەوڵەمەندتر کردوە، لەسەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان خوێندن و فێرکردنی زمانی کوردی بە دەستپێشخەری ژنان هەنگاوی مەزنی ناوە. یەکێک لەو دەزگایانەی تا ئێستا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو هەنگاوی مێژوویی ناوە تەڤگەری زمان و پەروەردە(TZP)یە. ئەو دەزگایەش بە پێشەنگی ژنان بەڕێوەدەچێت و ڕێژەیەکی زۆری ژنان لەناو ئەو دەزگایەدا خەبات دەکەن.
ژنان لە ڕووی دیپلۆماسیدا دەسکەوتی گرنگیان بەدەستهێناوە:
ژنانی کورد لە بواری دیپلۆماسیدا توانیان نمونەی سەرکەوتوو بن، شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان نەسرین تەمر لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری سلێمانی خەڵاتی ئیبراهیم ئەحمەدی پێبەخشرا، هەروەها هەروەها عایشە ئەفەندی هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەل لە کانتۆنی کۆبانێ خەڵاتی ساکینە جانسزی لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازاد، لە شاری سلێمانی پێبەخشرا. چاوپێکەوتنەکانی ئاسیا عەبدوڵا هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی و نەسرین عەبدوڵا فەرماندەی "یەپەژە"، لەگەڵ فڕانچۆیس هۆڵاند سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە کۆشکی ئەلیسا لە پاریس لە لایەنی دیپلۆماسیەوە هەنگاوی گرنگ بوون، ژنان ئەوە وەک بەرهەمی ڕەنج و تێکۆشانی ژنان لەناو شۆڕشی ڕۆژئاوا لێکدەدەنەوە.
سیستەمی هاوسەرۆکایەتی:
سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لە سەرجەم دامەزراوەکانی زامنکردن و هەمیشەیی کردنی خۆبەڕێوەبەری دوپات دەکاتەوە. ژنان تەنیا لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی نا بەڵکو لە داڕشتنی دەستور، نوسینەوەی یاسا، بە پراکتیزەکردنی سیستەمی دیموکراتیدا ڕۆڵی بەرچاویان هەیە.
ئارین میرکان: نابێت هیچ کاتێک ئیرادەی ژنی ئازاد بشکێت
ئارین میرکان شەرڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان(یەپەژە) بەرخۆدانێکی ئەفسانەیی و سەرسوڕهێنەری نواند، ئارین بە چالاکیەکەی پەیامێکی ڕەوانی دا بە چەتەکان. ئارین دەڵێت: ئەو ژنانەی کە ئێوە فەرمانی کۆمەڵکوکردن و فرۆشتنیانتان داوە ئێستا لەسەرنگەرەکانی بەرخۆدانیدا تێدەکۆشن، ئیرادەی ژنی ئازاد هەرگیز ناشکێت.
چالاکی ئارین میرکان لەناو ژنانی جیهاندا دەنگی دایەوە، ژنانی جیهان گەیشتنە ئەو باوەڕیەی کە ژنانی کورد هەرگیز کۆیلایەتی قبوڵ ناکەن. دوای شۆڕشی ١٩ ی تەمموز تێکۆشانی ژنانی کورد لاپەڕەیەکی نوێی لە هەڵمەتی بەرگریکردن لە مرۆڤایەتی کردۆتەوە و بەو شێوەیە بەردەوامی بە شۆڕش دەدەن.
سبەی: ژنانی ڕۆژئاوا چوار ساڵەی شۆڕش دەگێڕنەوە
(ش ب)